کەمتر لە ڕۆژێک دوای هاویشتنی مووشەکی کرووز بەرەو کەشتییەکی ئەمریکایی لە دەریای سوور، حوسییەکان کەشتییەکی ئەمریکییان بە مووشەکێک لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن کردە ئامانج.
سێنتکام ڕایگەیاند کە میلیشیا حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن مووشەکێکی دژەکەشتییان ئاراستە کرد و هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم مووشەکە لە نزیک شاری بەندەری حەدیدە لە یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، ئاراستە کراوە.
ژووری کەشتیوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، ١٢ لەسەدی بازرگانیی جیهان لە ڕێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم ١٧ هەزار کەشتی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گرووپە چەکدارەی سەر بە کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانیی ناچار کردووە رێڕەوەکانیان لە دەریای سوور بگۆڕن و ڕێڕەوی درێژتر بەکار بهێنن، تاکوو خۆیان لەو هێرشانە بپارێزن. تاکوو ئێستا چوار کۆمپانیای بازرگانیی گەورەی دەریایی بەهۆی ئەو هێرشانەوە، کارەکانیان ڕاگرتووە.