فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دزی، گەندەڵی و هەرەسهێنانی ئابووری لەژێر گوشاری توندتربوونەوەی گەمارۆکان و سێبەری شەڕدا
پێنجشەممە ۳۰-۱۱-۱۴۰۴   |  19-02-2026

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم لە ڕاپۆرتێکی ئابووریدا، هەواڵی گەشەی نێگاتیڤی ٧.٩٪ی سەرمایەی جێگیری بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە بەردەوامیی ئەم ئاستە بەرزە، لێکەوتەی نەرێنیی زۆری بۆ ئابووری دەبێت. شارەزایانی ئابووریش بە ئاماژەدان بە پلەی بەرزی ئەم گەشە نێگاتیڤە، پێشبینی دەکەن کە ئەو ڕکوودە ئابوورییەی لێی دەکەوێتەوە، ببێتە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووری و خراپتربوونی بژێوی ژیانی خەڵک. شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان دژی هەژاری، هەڵاوسان و گرانی، بەتایبەت دوای کوشتار و دەستبەسەرکردن و ڕاپێچکردنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازی، لە توندترکردنەوەی ڕکوودی ئابووریدا دەوری دەبێت و دۆخی ئابووری زیاتر لە جاران بەرەو هەرەسهێنان دەبات. گەشەی نێگاتیڤی بەرزی سەرمایەی جێگیر، تەنیا بەهۆی ڕاوەستانی وەبەرهێنان لە ئێران نییە، بەڵکوو بە واتای هەڵاتنی سەرمایە و نەگەڕاندنەوەی داهاتە دراوییەکانیش دێت کە بڕەکەی دەگاتە دەیان ملیار دۆلار. لە سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریدا، وەبەرهێنان و سووڕانەوەی سەرمایە، فاکتەری سەرەکیی جووڵەی ئابوورییە و لە ئەگەری ڕاوەستانیدا، ئابووری تووشی ئیفلیجی دەبێت.

لە دۆخێکدا کە سەقامگیریی سیاسی بوونی نییە و ئاسۆیەکی ڕوون دیار نییە، هەروەها دەسەڵاتی ئیسلامی توانای کۆنترۆڵکردنی بەهای دراوی نییە، ڕەوتی کڕین و فرۆشتنی کاڵا و پێداویستییەکانیش تووشی ڕکوود و داتەپین دەبێت. لە هەلومەرجی ڕکوودی ئابووریدا، نەک هەر وەبەرهێنان ئەنجام نادرێت، بەڵکوو هیچ گەرەنتییەکیش بۆ پاراستنی سەرمایەی بەردەست لە ئارادا نابێت. لە ئەنجامدا هیچ سەرمایەدارێک ئامادەی ڕیسککردن نابێت و سەرمایەکەی لە بازاڕێکی ئاڵۆزدا کە یاساکانی یاریی سەرمایەداری تێیدا ڕەچاو ناکرێت، ناخاتە گەڕ. لەم دۆخەدا، ڕەوتی سەرمایە بەرەو دەرچوون لە وڵات مەیلی دەبێت. بەپێی بەڵگەنامە و ئامارە بانکییەکان، ڕەوتی گەشەی نەرێنیی وەبەرهێنان لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٧ـەوە زیادی کردووە؛ تا ئەو جێگایەی کە تا ئێستا زیاتر لە ١١٧ ملیار دۆلار سەرمایە لە وڵات چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ نێو سووڕی ئابووریی ناوخۆ.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی کارکردی ئابووریی ڕانتیی کۆماری ئیسلامی، سەدان ملیار دۆلار دراوی تەرحیحیی ٤٢٠٠ تمەنی کە دەوڵەت بۆ هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک تەرخانی کردبوو، دراوەتە کۆمپانیا ساختەکانی سەران و بەرپرسانی دەسەڵات و وابەستەکانیان. بەڵام بەشێکی کەمی ئەو پارەیە بۆ هاوردەکردنی خۆراک خەرج کراوە، کە ئەویش کاڵای خراپ و بێ‌کوالێتی بووە. چیرۆکی ئابڕووچوونەکەی “چای دەبش” نموونەیەکە لەم تاڵانکارییە و بەشێکی هەرە زۆری دراوە وەرگیراوەکان لە هەژمارە بانکییەکانی ئەواندا ماوەتەوە. ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای دادی ڕژیم دانی بەوەدا نا کە: “لە بەفرانباری ڕابردوودا، ٢٢٥ کەسی حەقیقی و حقوقی، ٥٣ ملیار یۆرۆ بەڵێنیی دراوییان بە دەوڵەت هەبووە کە جێبەجێیان نەکردووە و نەیان داوەتەوە”. جەهانگیر هەروەها وتی: “١١٢ کۆمپانیا کە سەر بەو کەسانەن دراوی ڕانتی و پاڵپشتیی وزەیان وەرگرتووە، کەمترین شەفافییەتیان لە گەڕاندنەوەی دراوەکاندا هەبووە. ٧ ملیار دۆلار دراوەتە دەڵاڵەکان (تراستییەکان) تا گەمارۆکانی پێ تێپەڕێنن؛ ١٠ ملیار دۆلاریش بۆ کڕینی خانوو ڕەوانەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ کراوە و ٣٤ کەسی دیکەش کە یەک و نیو ملیار یۆرۆ بەڵێنییان لەسەر بووە، پێیەوە پابەند نەبوون.”

ئەم پارە و پوولە دزراوە زەبەلاحانە، سامان و دەرەنجامی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانە کە ساڵانێکە دەڕژێتە گیرفان و هەژمارە بانکییەکانی بەرپرسانی دەسەڵات و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و کەس و کارەکانیان. دزی و گەندەڵی لەم ئاستە بەرفراوانەدا، دەیان ساڵە لە هەموو جومگە و ئاستەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی و بەتایبەت لە ئاستی باڵای سپای پاسداران پەرەی سەندووە و بووەتە دیاردەیەکی سیستەماتیک. ئەم گەندەڵی و ڕانتخۆرییە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی قووڵتربوونەوەی قەیران و ئیفلاسی ئابووریی کۆماری ئیسلامی. هەفتەی ڕابردوو، ڕێکخراوی ناحکومیی “شەفافییەتی نێودەوڵەتی” لە ئاڵمان، لە ڕاپۆرتێکدا کۆماری ئیسلامیی لە ڕووی گەندەڵیی دارایی بەرپرسانی حکومی و کەڵک‌وەرگرتنی خراپ لە پێگەی سیاسییان، لە نێوان ١٨٢ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٥٣ دانا.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ناوەندی ئاماری خودی ڕژیم، خێرایی گرانبوونی خۆراک و خزمەتگوزارییە بەکارهێنراوەکان لە بەفرانباری ١٤٠٤ بە بەراورد بە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ٨٩.٩٪ زیاتر بووە. بێگومان نرخی گرووپەکانی نان، برینج، دانەوێڵە، وشکەبار و ڕۆنیش لەم ماوەیەدا ١٠٠٪ بەرز بووەتەوە. ئەم بازدانەی نرخەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بەو هۆیەوە بووە کە دەوڵەتی ئیفلاس‌هێناوی کۆماری ئیسلامی بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتھێنانی بودجە تریلیۆن تمەنییەکەی خۆی، لە فێڵێکی ئاشکرادا دراوی تەرحیحیی ٢٨٥٠٠ تمەنیی تایبەت بە هاوردەکردنی خۆراکە سەرەکییەکانی بە تەواوی لابرد و لە بەرامبەردا تەنیا یەک ملیۆن تمەن یارانەی دایە بنەماڵەکان. بەڵام ئەم کورتھێنانەی بودجە هاوکات لەگەڵ گەشەی نەختینە، ڕێژەی هەڵاوسانیشی بەرز کردووەتەوە. ڕێگاچارەکانی ڕژیم بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە لەوانە قەرزکردن لە بانکەکان و فرۆشتنی کاغەزی قەرز (اوراق قرضه) کە بە بڕێکی زۆر کەم فرۆشران، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی گەشەی نەختینە و قەیرانی ئابووریی ڕژیمی قووڵتر کردووەتەوە.

لەڕاستیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێکی هەرە زۆری ئیمکاناتی دارایی وڵاتی بۆ بردنەپێشی ستراتیژیی مانەوەی خۆی لە ڕێگەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان، دامودەزگای پان و بەرینی ئەمنیەتی و سەربازی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و دابینکردنی خەرجیی هێزە کۆنەپەرست و تیرۆریستەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت” تەرخان کردووە و لەم قەیرانە قووڵەدا نوقم بووە. ئاشکرایە لەم دۆخەدا کرێکاران و خەڵکی هەژار و نەداری ئێران ناتوانن درێژە بەم ژیانە پڕ مەینەتییە بدەن و دەستەوەستان دانانیشن. تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی بەرەو کۆتاییە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستا، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەردەوام دەبن؛ لەسەر زەمینەی ئەم خەباتە، پێداویستییە ڕێکخراوەییەکان و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی فەراهەم دەکەن و لەسەر وێرانەکانی ئەم ڕژیمە دژە مرۆییە، پایەکانی کۆمەڵگایەکی مرۆیی ئازاد، خۆشگوزەران و یەکسان دادەمەزرێنن.