
پاش هێرشی ڕۆژی ڕابڕدووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولگەریی ڕژیم لە دەمشق و کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەندامانی سپای قودس، وەزیری دەرەوەی ڕژیم باسی لە بانگهێشتی کارداری باڵوێزخانەی سویس لە تاران و ناردنی پەیامێکی گرینگ بۆ ئەمریکا کردووە.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە هەژماری ”ئیکس”ی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی کارداری سویسەوە پەیامێکی گرینگیان بۆ ئەمریکا کە پشتیوانی ئیسرائیلە ناردووە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەمریکا دەبێت وڵامدەر بێت.
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کردووە کە کارداری باڵوێزخانەی سویس وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران دایە و بە مەبەستی ناڕەزایەتی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسولگەریی کۆماری ئیسلامی لە دەمشق، بانگ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە زەهرا ئێڕشادی باڵوێز و جێگری نوێنەری رژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە شۆرای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەیە کردووە تاکوو هێرشەکە بە توندترین شێوە مەحکووم بکات و هەروەها دانیشتنێکی بەپەلە بە مەبەستی لێپرسینەوە لە ئیسرائیل ڕێک بخات.
لە بەرامبەردا دانیەل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەبارەت بەو هێرشە هیچ لێدوانێک نادات.
پێشتریش ئیسرائیل سەبارەت بەم چەشنە هێرشانە، زۆربەی کات هیچ لێدوانێکی نەداوە و ئەمجاریش هێرشەکەی ڕەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
شایانی باسە کە هێرشی ١٣ی خاکەلێوەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕژیم لە دەمشق پاش ئەوە بوو کە ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو دڕۆنەی کە بنکەیەکی هێزە دەریاییەکانی ئەو ولاتەی ڕۆژی یەکشەممە کردووەتە ئامانج، دروستکراوی کۆماری ئیسلامی بووە و ڕژیمی ئیسلامی لە پشتی هێرشەکەدا بووە.