بەپێی ڕاپۆرتی شوڕای هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی سێنفی موعەلیمانی ئێران، “حسێن عێبادیان” کە پێشینەی ٢٨ ساڵ کاری موعەلیمی هەیە، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە لایەن دەستەی بەرایی سەرپێچییەکانی ناوەندی پەروەردە و بارهێنانی شارستانەکانی پارێزگای تاران، بە تۆمەتی “هاوکاری کردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕان” و “هاندانی موعەلیمان بۆ بەرێوەبردنی کۆبوونەوە و مانگرتن”، لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار و لەسەر بڕیاری ئەم ناوەندە، لەسەر کارەکەی دوورخراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو لە ماڵپەڕی شەخسی خۆی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەندین درووشم بە ناوەڕۆکی “توندووتیژی و زیندانی کردنی خوێندکاران رابگرن”، “وەزیری نالایق دەست لەکار بکێشەوە”، “خوێندنی خۆڕایی مافی هەموو منداڵەکانە” و “موعەلیمی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ”، لە ئاست دەستبەسەر کردن و زیندانی کردنی خوێندکاران و موعەلیمان لە شارەکانی ئێران ناڕەزایەتیی دەربڕی بوو. شوڕای هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی سێنفی موعەلیمانی ئێران، وێڕای مەحکووم کردنی بڕیارەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە، خوازیاری ڕاگیرانی ئەم کردەوانە لە دژی موعەلیمان بووە.