ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، پەرهام پەروەری، ئەندازیار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سەقز، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی ئێرانشار، دوور خرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەرهام پەروەری بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و بەشێوەی نهێنی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی ئێرانشار دوور خراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، سەرماوەزی ئەمساڵ، حوکمی زیندان و دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابوویەوە. پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هۆرمۆزگان و پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوبوو. پێویستە بوترێ کە ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری پێ درابوو.