بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز، “ئومێد شامحەممەدی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی”، سێ مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن دەستەی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەسەر کارەکانیان دوور خرانەوە. هەروەها “پەرویز ئەحسەنی” بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ شاری قوروە دوور خراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی “کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” هەر یەک بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، و ئومێد شامحەممەدی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون. ئەو چوار مامۆستایە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایەکی دیکە بە ناوی عوسمان ڕەزایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە لێدان و بەکارهێنانی توندوتیژیی فیزیکی بەرانبەر بە هاوژینی دوو کەس لەو هاووڵاتییانە دەستبەسەر کرابوون. شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیاندا، لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش بوون.