فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دووهەمین کۆنفڕانسی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بەڕێوەچوو
هەینی ۱۹-۰۳-۱۴۰۲   |  09-06-2023

دووهەمین کۆنفڕانسی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٣ و ١٤ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ٣ و ٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣ لە شاری ستۆکهۆڵمی سوئێد بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسە بە بەشداریی حزووریی زۆرینەی ئەندامان و چاوەدێران لە ساڵۆنی کۆنفڕانس و بەشێک لە ئەندامانی شۆرا و چاوەدێران لەڕێگەی ئانڵاینەوە دەستبەکار بوو. لە هەر دوو ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا زیاتر لە ١٢٠ کەس چالاکانە بەشدار بوون.

کۆنفڕانس بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و گیانبەختکردووانی ئاخێزی سەراسەریی خەڵکی ئێران و هەروەها بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی هاوڕێی کۆمۆنیست عیسا جەمشیدی لە چالاکانی ئەم شۆرایە، کاری خۆی دەستپێکرد.

هەیئەت ڕەئیسەی کاتی دوای پەسندکردنی ئاییننامەی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانس، درێژەی کارەکانی کۆنفڕانسی بە هەیئەت ڕەئیسەی دایم سپارد کە لەلایەن بەشداربووانی کۆنفڕاسەکەوە هەڵبژێردرابوون.

هەیئەت ڕەئیسەی دایم بەپێی ئاییننامەی پەسندکراوی کۆنفڕانس و زەمانبەندیی جەلەساتێک کە لە دەستووری کاریدا بوو، سەرەتا فرسەتی بە هەیئەتی هەماهەنگی دا تا وێڕای پێشکەشکردنی لێکدانەوەیەکی کورت لە ئەوزاعی سیاسیی ئێران و کوردستان، ڕاپۆرتی چالاکاییەکانی هەتا ئێستای شۆرا و ئەولەوییەتی چالاکییەکانی شۆرا بە بەشداربووانی کۆنفڕانس ڕاگەیەنێت. پاشان ئەندامان و چاوەدێران چالاکانە سەبارەت بە ڕاپۆرتەکان و بۆ تەکمیلی ئەم بەڵگانە ڕای و بۆچوونیان دەربڕی. پێویستە بوترێ کە هەموو ئەم بەڵگانە لە یەک حەفتە پێشترەوە خسترابووە ئیختیار ئەندامانەوە. دوو بەڵگەی بنەمای سیاسی و پلاتفۆرمی شۆرا، بە تێبینی کەتبی و شەفاهیی ئەندامان و چاوەدێران درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و ئەم تێبینیانە لەلایەن هەیئەتی هەماهەنگیی نوێوە لە دەقی پێشوودا دەگونجێندرێت و بڵاودەکرێتەوە.

لەلایەن هاوڕێیانی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە هەیئەتی هەماهەنگی شۆرا بەڵگەیەکی دیکە لەژێرناوی پێشنووسی بنەماکانی دەسەڵاتی شۆرایی و مەنشووری داخوازیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە کوردستان، پێشکەش بە کۆنفڕانس کرا کە بە دەنگی زۆرینەی کۆنفڕانس کەوتە دەستوورەوە. دوای ناساندنی شەفاهیی بەڵگەکە، کۆنفڕانس بەخاتری نەبوونی کاتی پێویست قەرارێکی پەسند کرد کە پێی ئەم قەرارە هەیئەتی هەماهەنگیی هەڵبژێردراوی شۆرا پێویستە بەلانیزۆر لەماوەی دوو مانگدا لەڕێگەی سیمینارێکی تایبەتەوە بە بەشداری ئەندامان ئەم بەڵگەیە بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

لە بەشی قەرار و بڕیارنامەی پێشنیارکراودا، سەبارەت بە گۆڕینی ناوی شۆرا چەند پێشنیارێک دەنگیان لەسەر درا و لە کۆتاییدا ناوی پێشووی کۆنفڕانسی یەکەم، زۆرترین دەنگی هێناوە.


دوایین دەستووری جەلەسە، هەڵبژاردنی هەیئەتی هەماهەنگی دەوری داهاتوویی چالاکییەکانی شۆرا بوو. لەو بەشەدا سەرەتا ژمارەی ئەندامانی هەیئەت دەنگی لەسەر درا کە ١٢ کەس دەنگی هێناوە و پاشان شەش کەس لە ئەندامانی سەربەخۆ بە دەنگی نهێنیی ئەندامانی غەیری حیزبی لەڕێگەی تۆڕی زووم و بەشداربووانی ساڵۆنەوە هەڵبژێردران.

ناوی شەش ئەندامی هەیئەتی هەماهەنگیی شۆرا، هەڵبژێردراوی هاوڕێیانی سەربەخۆ بریتین لە:

هاوڕێیان مریەم مستەفا سوڵتانی، پڕشنگ بەهرامین عەلی خدری، یەدێ عەزیزی، محەممەد وەلەدی و هادی ڕەحیمی.

هەر دوو حیزبەکەش هەر کامیان سێ نوێنەری خۆیان بەم زووانە بە شۆرا دەناسێنن.


بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، دەسەڵاتی شۆرایی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢

٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣