
شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئێستای نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، ناکرێت تەنیا وەک پێکدادانێکی سەربازیی نێوان حکوومەتەکان لێک بدرێتەوە. شەڕ، لە ڕاستیدا، ساتێکی چڕکراوەیە لە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی تێکڕای ژیانی کۆمەڵایەتی لەژێر سێبەری هەمان سیستەمی چینایەتیدا. ئەم گۆڕانکارییانە ڕیشەیان لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی سەرمایەداری و ململانێ ئیمپریالیستییەکاندایە. سەرەڕای ئەمەش، بۆ تێگەیشتنێکی ڕوونتر لەم دیاردەیە، پێویستە شرۆڤەکانمان لە ئاستی ماکرۆئابوورییەوە بەرەو ئاستی ژیانی ڕۆژانە و بەتایبەت بۆ بواری “بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی” پەرە پێبدەین؛ واتە ئەو جێگەیەی کە تێیدا پێگەی چەوساوەی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی دەردەخات.
یەکەمین دەرهاوێشتەی ئەم شەڕە، قووڵبوونەوەی قەیرانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتییە. وێرانبوونی ژێرخانەکان، داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پەرەسەندنی بێکاری و نائەمنیی ئابووری، دۆخێک دەخولقێنن کە تێیدا درێژەدان بە ژیانی ڕۆژانە دەبێتە قەیرانێکی گەورە. لە وەها دۆخێکدا، بەرپرسیارێتیی دابینکردن و پاراستنی کەمترین ئاستی ژیان؛ لە دابینکردنی خۆراک و چاودێرییەوە بگرە تا دەگاتە ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانە، بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر دەکەوێتە سەر شانی خێزان. ئەم گواستنەوەیەی بارگرانییە کە لە دۆخی ئاساییدا هەر بوونی هەیە، لە کاتی شەڕدا چڕتر دەبێتەوە و بە شێوەیەکی نایەکسان تەنیا دەکەوێتە سەر شانی ژنان. ئەم دۆخە لە کاتی شەڕدا دەکرێت وەک چڕبوونەوەی چەوساندنەوە لە بواری “کاری بەرهەمهێنانەوە”دا پێناسە بکرێت. ئەو کارانەی کە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار زۆر پێویستن، بەڵام لە لۆژیکی سەرمایەداریدا بە بێحەقدەست و شاراوەیی دەمێننەوە و لە دۆخی شەڕیشدا نەک هەر پەرە دەستێنن، بەڵکوو لە هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی دامەزراوەییش بێبەش دەکرێن. ژنانی نێو خێزان، وەک کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم بوارە، ناچارن لە دۆخێکی قەیراناوی و بە سەرچاوەیەکی سنووردارەوە، بارگرانییەکی زیاتر هەڵبگرن. بەم شێوەیە، جۆرێک لە چەوساندنەوەی چەندقات دێتە ئاراوە کە تێیدا گوشارە ئابوورییەکان و ستەمی جنسیەتی هاوشان و پێکەوە کار دەکەن.
ئەم چڕکردنەوەیەی کاری بەرهەمهێنانەوە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتییشی لێ دەکەوێتەوە. یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی، هەڵکشانی توندوتیژیی خێزانییە. بەپێچەوانەی ئەو لێکدانەوانەی کە ئەم دیاردەیە کورت دەکەنەوە بۆ کاریگەرییە دەروونییەکانی شەڕ، یان گواستنەوەی توندوتیژی لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ نێو چوارچێوەی خسووسی و تایبەت، شیکارییەکی پێکهاتەیی و چینایەتی نیشانی دەدات کە توندوتیژیی خێزانی لە هەلومەرجی شەڕدا، بەرهەمی هەلومەرجی ماددی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی ئەم دۆخەیە. هەژاری، گرانی، بێکاری، نائارامیی درێژخایەن و داڕمانی دامەزراوە پاڵپشتییەکان، زەمینەیەک دەڕەخسێنن کە تێیدا ئەو گرژییە کەڵەکەبووانەی نێو چوارچێوەی خێزان بەتاڵ دەکرێنەوە و دەبنە هۆی توندوتیژی دژی ژنان. لەم نێوەندەدا، خێزان نەک وەک پەناگەیەکی ئارام، بەڵکوو وەک دامەزراوەیەک کە باری قەیرانەکە هەڵدەگرێت، خۆی دەنوێنێت. پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات لەنێو ئەم یەکەیەدا، کە لە دۆخی ئاساییدا بوونیان هەیە، لە هەلومەرجی شەڕدا زەقتر دەبنەوە و دەتوانن بە شێوەگەلێکی دڕندانەتر سەرهەڵبدەن. لەبەر ئەم هۆکارە، زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی دەبێت وەک بەشێک لە قەیرانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی لە هەلومەرجی شەڕدا سەیر بکرێت.
دۆخی شەڕ، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوەی مافخوازی دژ بە هەڵاواردن و نایەکسانییەکان پەراوێز دەخات. لە هەلومەرجی شەڕدا، دۆخەکە بە جۆرێک پێناسە دەکرێتەوە کە مانەوە و ئاسایش دەخرێنە ڕیزی پێشەوە و داواکارییەکانی دیکە، لەوانەش داواکارییەکانی پەیوەست بە یەکسانیی جنسیەتی، دەخرێنە پەراوێزەوە. ئەم پرۆسەیە، هاوڕێیە لەگەڵ هەڕەشەکانی حکوومەت کە هەر جۆرە خستنەڕووێکی ئەم داواکارییانە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر «ئاسایش» لە قەڵەم دەدات. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە قۆستنەوەی دۆخی شەڕ، نەک هەر هەوڵی بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکان دەدات، بەڵکوو تێدەکۆشێت سیستەمە ئایدیۆلۆژییە دۆڕاوەکەشی سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە. لەم نێوەندەشدا، پەراوێزخستنی داواکارییەکانی ژنان، بەشێکە لەم پڕۆسە بەرفراوانە.
یەکێکی دیکە لە دەرهاوێشتەکانی ئەم دۆخە جەنگییە، پەرەسەندنی توندوتیژییە. لەم هەلومەرجەدا، حکوومەتی ئیسلامی لە کاتێکدا بە توندکردنەوەی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و شەپۆلی لەسێدارەدانەکان بەکردەوە برەو بە توندوتیژی دەدات، هاوکات پراکتیزەکردنی توندوتیژیی جنسیەتی دژ بە ژنان لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا وەک شتێکی ئاسایی نیشان دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، پەرەسەندنی توندوتیژیی سێکسی لە کاتی شەڕدا دەبێت وەک بەشێک لە لۆژیکی شەڕەکە لێک بدرێتەوە. ئەم جۆرە توندوتیژییە، زۆرجار وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات، سووکایەتیکردن و کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنرێت و لە هەمان کاتیشدا ڕیشەی لەنێو پێکهاتە باوک/پیاوسالارییەکاندایە کە جەستەی ژنان دەکەنە ئۆبژەی (ئامرازی) باڵادەستیی خۆیان. سەرەڕای ئەمانەش، شرۆڤەکردنی شەڕ ناتوانێت تەنیا لە وەسفکردنی میکانیزمەکانی دەسەڵاتدا قەتیس بمێنێت. باسکردن لەسەر ئیمکانی خۆڕاگری و بەرخۆدان، بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر خوێندنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە. لە دۆخی شەڕیشدا فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی هاوپشتی و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی پێکدێن کە دەتوانن کۆڵەکەکانی خۆڕاگری و بەرخۆدان پتەوتر بکەن.
ئەم خۆڕاگرییە کاتێک دەبێتە هێزێکی کاریگەر کە گرێدانێکی وشیارانە لە نێوان خەبات دژ بە شەڕی چینە فەرمانڕەواکان، خەباتی چینایەتی و خەبات دژ بە ستەمی جنسیەتی دروست بکات. لەم پێناوەشدا، پێداچوونەوە و سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە. پێکهێنانی تۆڕەکانی هەرەوەزی تا دەگاتە دروستکردنی بنکە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە گەڕەکی شارەکاندا و ڕێکخستنی فۆڕمە دەستەجەمعییەکانی دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکان لە سەردەمی شەڕدا، دەتوانێت بەشێک لەو بارگرانییە سەپێنراوەی سەر شانی ژنان کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا ئیمکانی خەبات و کردەوەی بەکۆمەڵ بەرفراوانتر بکات. هەروەها، زۆر پێویستە کە داواکارییەکانی ژنان تەنانەت لە هەلومەرجی شەڕیشدا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی ڕزگاریبەخشی کۆمەڵایەتی بهێنرێنە گۆڕێ، نەک وەک پرسگەلێک کە شایەنی دواخستن بن.
شەڕی نێوان دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان دەبێت وەک فۆڕمێک لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی توندوتیژی لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا لێک بدرێتەوە؛ پڕۆسەیەک کە تێیدا چەوساندنەوە و ستەم لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا چڕتر و توندتر دەبنەوە. لەم نێوەندەشدا، ژنان وەک یەکێک لە سەرەکیترین هەڵگرانی باری بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی شێوازی توندتر لەم ستەمە دەبنەوە. هەر بۆیە، هەر جۆرە خەباتێکی ڕزگاریبەخشانە، ناچارە هاوکات لەگەڵ ڕەخنەگرتن لەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، ڕەخنە لەو پێکهاتانەش بگرێت کە شەڕ دەکەنە ئەمری واقیع و سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێننەوە. تەنیا لە چوارچێوەیەکی وەهادایە کە دەکرێت ئاسۆیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕزگاری وێنا بکرێت؛ ئاسۆیەک کە تێیدا کۆتاییهاتنی ئەم شەڕانە، هاوکات بێت لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو پەیوەندییە چینایەتییانەی کە توندوتیژی و نایەکسانی بەرهەم دەهێننەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
alternative-shorai.tv
cpiran.org
komala.co
t.me/peshrawcpiran
facebook.com/Peshrawcpiran
instagram.com/Peshrawcpirn
t.me/KomalaCpiranTv