دۆزرانەوەی تەرمی کوبڕا ڕەزایی بەدوای پەنجا ڕۆژ بێسەروشوێن بوون
دوشەممە ۱۹-۰۳-۱۴۰۴   |  09-06-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پەنجا ڕۆژ بەدوای بێسەروشوێن بوونی کوبڕا ڕەزایی ناسراو بە “شەقایق” تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان لە شاری تاران، بەشێک لە تەرمی پارچە پارچە کراوی ناوبراو دۆزرایەوە. تا ئێستا هیچ چەشنە زانیارییەکی فەرمی و ڕوون سەبارەت بەم جەنایەتە لە لایەن ناوەندەکانی ڕژیم بڵاونەکراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی سێشەممە ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، چەندین بەش لە ئەندامی پارچە پارچەکراوی کوبڕا ڕەزایی دانیشتووی گەڕەکی “پێشەوای” وەرامین، لە لایەن خەڵکی ئەم گەڕەکە لە ناو زبڵەکان دۆزرایەوە. تاقیکاری “DNA” شۆناسی ئەندامەکانی پشتڕاست کردووەتەوە. شایانی باسە، کوبڕا ڕەزایی کاتێک لە ماڵێ چووەتە دەرێ، لە ڕێگای چوون بۆ شوێنی کارەکەی ڕفێندراوە و پاشان بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.