نیزامی پەرلەمانی کە شابەیتی سیستمی سیاسیی دەسەڵاتی بۆرژوازییە، سەرەڕای پێشکەوتووبوونی لە چاو ڕژیمە دیکتاتۆرەکان، لە نەهایەتدا شتێک نییە بێجگەلە ئامرازێک کە بە باشترین شێوە لەگەڵ بەرژەوەند و بارودۆخی ماددی و کۆمەڵایەتی و جیهانبینی و هەڵوێستی سیاسی بۆرژوازیدا دەگونجێت و وەک باقیی دامەزراوەکانی بۆرژوازی، خزمەت بە پاراستنی سەروەریی چینەکەی خۆی دەکات. قەبووڵکردنی مافی دەنگدانی گشتی و پەرەپێدانی بۆ مافی دەنگدانی ژنان لە سەرەتای سەدەی بیستەم، کە خۆی بەر لە هەموو شتێک بەرهەمی بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی سۆسیالیستیی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بوو، ئەگەرچی پێشکەوتنێکی گەورە بوو لەبواری بەدەستهێنانی مافی مەدەنی بۆ کرێکاران و ژنان و خەڵکی ئاسایی و بەمانای ناچارکردنی بورژوازی بوو بۆ هاووڵاتی پێناسەکردنی چینی غەیرە مالک، بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینیی ڕێفۆرمیستەکان، نەبوو بەهۆی سەرهەڵدانی “دەوڵەتانی بێ لایەن” و فەتحکرانیان لەلایەن جەماوەری دەنگدەرەوە لەڕێگەی پڕۆسەی پەرلەمان و نەشیدەتوانی ببێت. بەڵکوو لەنەهایەتدا دەسەڵاتی سەرمایەی خالستر و کامڵتر بەرقەرار کرد.
ئەگەرچی لە سەردەمی ماڕکسدا هێستا مافی دەنگدانی گشتی بەتەواوی لە کۆمەڵگاکانی ئەورووپا کە سەرچاوەی دیموکراسیی پەرلەمانی بەحیساب دێ قەبووڵ نەکرابوو بەڵام سەرەڕای ئەمە ماڕکس بەدروستی بەوە گەیشت کە تەنانەت ئەگەر مافی دەنگدانی گشتی و بەرابەریی ڕواڵەتی کەسەکان بەرامبەر بە یاساش بەڕێوەبچێت دیسان سەرمایەداران دەستی باڵایان دەبێت و دەوڵەت و سوڵتەی سەرمایەداران هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. مارکس لە ئیستدلالەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ئەگەر مرۆڤەکان لە ڕووی یاساییشەوە وەک یەک بن، لە واقعیەتدا وەک یەک نین. لە ڕاستیدا ئەوە پێگەی ئابووری مرۆڤەکانە کە ڕادەی کاریگەریی ڕاستەقینەی دەنگەکانیان دیاری دەکات و هەربۆیە تا ئەو کاتەی خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە نایەکسان بن، قسەکردن لەسەر یەکسانی یاسایییان، خۆی پاساوێکە بۆ پەردەپۆشکردنی نایەکسانی ڕاستەقینەیان. مارکس بە هێنانەوەی نموونەی ڕۆشن پێگەی باڵادەستی بۆرژوازی لە دیموکراسی بۆرژوازیدا نیشان دەدات. بۆ نموونە مرۆڤ دەبێت شتێک لەبارەی فەنی قەسەکردن لەبەردەم خەڵک بزانێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی و بە ڕوونی لەبەردەم سەدان و هەزاران کەسدا قسەکانی بکات و دیفاعیان لێ بکات. تازە هەر ئەوەندەش بەس نییە. پێویستە بتوانێ لە هەموو پەیڕەوەکانی پەرلەمان و نووسینە یاساییە ئاڵۆزەکان تێبگات. بەهرەمەندبوون لەم تایبەتمەندییانە بۆ ماوەیەکی زۆر مافی تایبەتی سەرمایەداران بوو. ئەوان بوون کە هەر لە منداڵییەوە پەروەردەیەکی باش و کامڵیان بوو، پەروەردە کرابوون بۆ ئەوەی بوێرانە قسەکانی خۆیان لەبەردەم کەسانی تردا بڵێن. هەروەها پێگەی باڵای بنەماڵەکەیان زامنی ئەوە بوو کە پشت بەخۆیان ببەستن و بەدەمار و چاونەترس بار بێن. بۆ ئەوەیکە تەنیا خوێندنی سەرەتایی ئیجباری و بەخۆڕایی بێت ساڵیانێکی زۆر وەخت پێویست بوو و تازە ئەوکاتیش جیاوازیی نێوان مەدرەسەی دەوڵەتی و سیستمی خسووسیی پەروەردە و بارهێنان، زەوی تا ئاسمانی فاسلە بوو. ئەم جیاوازییە هەر ئێستاش تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانیش دەبیندرێت.
لێرەدا سەرنج بدەنە نموونەیەکی تر، بۆ ئەوەیکە نوێنەری کرێکاران بۆ مەجلیس هەڵبژێردرێ پێویستە خۆی و بۆچوونەکانی بە کەسانی تر، لەوانە هاوڕێیانی کرێکاری لە حەوزەیەکی هەڵبژاردنی دیاریکراودا بناسێنێ. ئەمە پێویستی بە تەبلیغات و بە داهاتی گونجاو هەیە. ئاوا نییە کە بورژواکانیش بێدەنگ دانیشتبن، ئەوانیش لەوپەڕی فریوکاریدا داخوازییەکانیان وەک داخوازیی گشت خەڵک نیشان دەدەن. خۆیان بەمجۆرە دەردەخەن و هەر دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوێ بۆ هاندانی هەستی خاوی مەزهەبی، نەتەوەیی، نەژادی و بۆ تەفرەقەنانەوە لەناو کرێکاران کەڵکی لێ وەردەگرن. سەرمایەداران بە ئیعتباری پێگەی ئابووریی بانتریان، چاپەمەنی و ئامرازەکانی تری پەیوەندیی گشتیی کە وەک هەموو شتێکی تر خۆیان هەیانە و یان لە ئیختیاری دەوڵەتەکەیاندایە، بەکاری دێنن. باشترین نووسەر و موبەلیغ دادەمەزرێنن تا بیروڕای گشتی بە مەیلی خۆیان دابڕێژن.
بەڵام با وای دابنێین کە لەگەڵ حاڵەتێکی ئیدێئال سەروکارمان هەیە. هەموو کرێکاران مافی دەنگدانیان هەیە. فەڕز دەکەین لە بارودوخێکی دەگمەندا ئیمکاناتی تەبلیغیی کرێکاران و سەرمایەداران یەکسانە. لە وەها حاڵەتێکدا هەروەک ماڕکس ئیستدلال دەکات لەگەڵ ڕۆڵی ئامرازی ئابووریی کۆمەڵگای سەرمایەداری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان و پاراستنی ئۆتۆریتەی بەرەوڕوو دەبینەوە. یاساکانی ئابووریی سەرمایەداری ئەو دیاردانەن کە هەر ئێستا خەریکن بەڕێوەدەچن. کەوابوو بە بوون یان نەبوونی پەرلەمان ئەوە یاسا ئابوورییەکانن کە بنەمای کۆمەڵگای سەرمایەداری پێکدێنن. مادام کە خاوەنداریەتیی تایبەت بەردەوامە و مادام کە پەیوەندی کاری کرێگرتە لەئاستی کۆمەڵگادا دەستنەخواردوو ماوەتەوە، پێگەی زاڵی سەرمایەدار و پێگەی ژێردەستی کرێکار لە کۆمەڵگادا هەروەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەم پێگەیەی سەرمایەداران وای لێکردوون کە بتوانن بوارە سەرەکییەکانی ئابووریی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن. سەرمایەداران دەتوانن بەهۆی ئەم پێگەیانەوە توانای ئابوورییان بۆ پێشخستنی سیاسەتێکی دیاریکراو یان ڕێگری لە بەڕێوەچوونی سیاسەتێک بەکار بێنن. لە هەر حاڵتێکدا هەڵبژاردن بەدەست چینی سەرمایەدارەوەیە و مادام کە یاساکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری مەشروع و دەستنەخواردوو دەمێننەوە، کارێکی بەرچاو لەدەست کرێکاران نایە. بوارە سەرەکییەکانی ئابووریی کۆمەڵگا، بانکەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، هێڵی گواستنەوە و پەیوەندی، مەزرا و ئەنبارەکانی خۆراک هەر هەموویان ئیختیار سەرمایەداراندان. ئەوان یان ڕاستەوخۆ یان شەخسی خاوەنی ئەم ئیمکاناتەن یان لەڕێگەی بانکەکانەوە لە خاوەندارییەکەیاندا هاوبەشن. کەوابوو پەرلەمان و کابینەی هەڵبژێردراو هەرچییەک بیانهەوێ با پەسندی بکەن. پەسندکراوەکانی ئەوان لە باشترین حاڵەتدا هێندێک بەربەست بۆ سەرمایەداران پێکدێنێت. بەڵام وەها کابینە و پەرلەمانێکیش دەبێتە دیلی بارمتەی ئابوورییەکانی ئەوان. مادام کە خاوەنداریەتی شەخسی سەرمایەدار بەسەر داراییەکەیدا پارێزراوە، چاوەڕوانییەک لەوە زیاتر نابێ هەبێت. ئایا ڕوون نییە کە بۆچی لە سیستەمی پەرلەمانیدا دەسەڵات و کاریگەری دەنگی سەرمایەدارێک زۆر زیاترە لە کاریگەری دەنگی کرێکارێک؟
ئەمڕۆ تەنانەت ئیدێئۆلۆگەکانی بورژوازیش ئەم ڕاستییە ئینکار ناکەن کە ڕۆڵی سەرمایەداران و بەتایبەت نەقش و کاریگەریی ئینحسارات، سازمان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی چینی سەرمایەدار بەسەر وەزارەتخانە و ناوەندە حکوومەتییەکان یەکجار زیاترە لە ڕۆڵ و کاریگەریی پەرلەمان بەسەر ئەم ئۆرگانانە و بڕیارەکانیان. لە ئاڵمان ڕێکخراوەکانی خاوەنکاران بەهۆکاری پەیوەندێکی بەهێز کە لەگەڵ میدیا و ئەحزابی سەرەکی و لەم ڕێگەوە لەگەڵ دەوڵەت و دەزگای بەڕێوەبەری هەیانە، لەسەر پەرلەمان کاریگەری دادەنێن. لە ئینگلیس کاریگەریی سازمان و گرووپە سەنعەتی و تجارییەکان لەسەر حیزبە سەرەکییەکان، دەوڵەت و کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمان، کە تۆڕێکی بەرینیان لە پەیوەندی پێکهێناوە، لە کەس شاراوە نییە. لە ئەمریکا ئینحسارات و کۆمپانیا گەورەکانی سەنعەت بۆ نفووزیان لەناو وەزارەتخانەکان لەگەڵ ڕەقابەت دەکەن. وەزیری بەرگریی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرابەر کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکە و چەک زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات تا مەجلیس و سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە. ئەم ڕەواڵە لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداری لە جەرەیاندایە. هەر بەم هۆکارە سادانەیە کە دەوڵەتەکان و پەرلەمانەکانی بورژوزی دەتوانن لەژێرناوی خەڵک و لەژێرناوی دیموکراسی، خوێناویترین شەڕەکان بخەنە ڕێ. هەر بەم هۆکارانەشە کە بزووتنەوەی ملیۆنی و مەزنی دژبە شەڕ لە عێراق بە دروشمی “بەناوی ئێمەوە شەڕ مەکەن” نەیتوانی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە خواست و داخوازییەکانی وەدی بێنێت. لە ئەمریکا و ئینگلیس ملیۆنان خۆپیشاندەری دژی شەڕ کە زۆرینەی بیروڕای گشتییان لەگەڵ بوو نەیتوانی لەڕێگە پەرلەمانەوە بەربە شەڕنانەوەی دەوڵەتی بووش و بلێر بگرن. لە سپانیا و ئیتالیا دژایەتیی زۆربەی خەڵک لەگەڵ شەڕ نەیتوانی مانعی پەیوەستبوونی دەوڵەتانی ئەم وڵاتانە بە سیاسەتە میلیتاریستییەکانی ئەمریکا بێت. لە فەڕانسە مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری دژبە یاسای بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی و پشتیوانیی زیاتر لە سەدا حەفتای بیروڕای گشتی لەم ناڕەزایەتییانە نەیتوانی بەربە پەسندکردن و بەڕێوەبردنی ئەم یاسایە بگرێت.
درێژەی هەیە …
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە