دوای ئەوەیکە کچێکی خوێندکاری علوومی ئینسانیی “زانکۆی ئازادی ئیسلامی”ی تاران لە ناڕەزایەتی دژبە ئازار و ئەزیەتی یەکێک لە هێزە بەسیجییەکان بەهۆی نەبوونی مەقنەعە و دڕاندنی جلەکانی لەلایەن هێزەکانی حەراسەتەوە، جلەکانی لەبەرخۆی داکەند، هەواڵ و گرتە ڤیدیۆکانی لەئاستێکی بەریندا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە. لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ئەم خوێندکارە ناڕازییە دەبیندرێ کە بە لیباسی ژێرەوە لەسەر سەکۆیەک لە حەساری زانکۆ دانیشتووە و لەگەڵ مەئموورانی ژن و پیاوی حەراسەت لە حاڵی مشتومڕ و شەڕەقەسە دایە. لە کاتکێدا کە کارگێڕان و میدیاکانی حکوومەت کردەوەی ئەم کچە خوێندکارە بۆ فشار و تێکچوونی دەروونی دەگەڕێننەوە بەڵام زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم کردەوەیە بە حەرەکەتێکی هێمایی دژبە حیجابی ئیجباری دەزانن و لەو باوەڕەدان کە ئەم خوێندکارە لە ئیعتڕاز بە پۆششی زۆرەملی و هەڵسووکەوتی هێزەکانی بەسیج و حەراسەت جلەکانی لەبەر خۆی داکەندووە و بە کارێکی “بوێرانە” وەسفی دەکەن. مریەم کیان ئێرسی پارێزەری دادگوستەری لەمبارەوە دەنووسێ: “کردەوەی ئەم کچە خوێندکارەی علوومی ئینسانی، هۆکارەکەی بۆ ئەو فشارە یەکجار زۆر و غەیری مەنتقییە دەگەڕێتەوە کە بۆ ڕەعایەت کردنی حیجاب بەسەر خوێندکارانیاندا سەپاندووە”. ئەم پارێزەرە بوێرە ڕایگەیاندووە کە ئامادەی بەرگری و پارێزەریی بەخۆڕایی لەم کچەیە. دوای دەستبەسەرکردنی ئەم خوێندکارە و ڕەنگدانەوەی بەرینی هەواڵەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە توێتێک لە تۆڕی ئیکسدا نووسیی: “کاربەدەستانی ئێران دەبێ دەستبەجێ و بێ مەرج ئەو خوێندکارە ئازاد بکەن کە ڕۆژی دووی نوامبر دوای داکەندنی جلەکانی لە ناڕەزایەتی بە ئازار و ئەزیەتی حیجابی ئیجباری، لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران بە توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا”.
فشاری بەردەوامی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بۆ سەپاندنی حیجاب و ناڕەزایەتی لە دژی ئەم سەرکوتگەرییانە لە کاتێکدایە کە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕژیم لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەی غەیرەڕەسمی پەسەندکردنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی “حیجاب و عیفاف”ی لەلایەن شۆرای نیگەهبانەوە ڕاگەیاندووە. شۆرای نیگەهبان ئەم گەڵاڵە دژەژنەی پەسند و ڕەوانەی مەجلیسی کردووە تا بۆ جێبەجێکردن ڕادەستی دەوڵەتی پزیشکیان بکرێت. یاسای دژەژن و کۆنەپەرستانەی “حیجاب و عیفاف”ی ئیسلامی، کە ماوەی دوو ساڵە حکوومەتی ئیسلامی هەوڵی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی دەدات، ٧١ ماددە لەخۆ دەگرێت. زۆربەی ئەم ماددە و بڕگانە بریتین لە ڕێگاکانی پەرەپێدان و سەپاندنی کلتووری کۆنەپەرستانە و دژەژنی ئیسلامی. واتە سووکایەتی پێکردن و بەندکردنی ژنان لەناو ماڵ و منداڵ بەدنیاهێنان و خزمەتکردنی بنەماڵە بەئامانجی ڕزگاربوونی حکوومەت لە فشاری خەبات و داخوازیی ژنان. دەسەڵاتی ئیسلامی دەیەوێت لەڕێگەی دەزگای سەرکوتی نیزامی، ئەمنیەتی، قەزایی و دامودەزگاکانی کۆنەپەرستیی ئایینی و بە وەرگرتنی جەریمەی قورس لە خەڵک ئەم یاسایە جێبەجێ بکات. لە بەشەکانی دیکەی ئەم گەڵاڵەیەدا بەمەبەستی ناچارکردنی هەموو خەڵک بۆ بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لە یاسای سەرکوتی ژناندا، سزای قورسی دارایی و داخستنی ناوەندەکانی کار بۆ ئەو شیرکەت و دامەزراوە و دووکانانە لەبەرچاو گیراوە کە سەرپێچی لەم گەڵاڵەیە دەکەن. ئەم پلانە سەرکوتگەرانەیە، دەسەڵاتێکی زۆر بە مەئموورانی ئەمنیەتی و هێزەکانی سپا و پۆلیس و دەزگای قەزایی دەدات بۆ دەستنیشانکردن و دادگاییکردن و سزادانی ئەو کەسانەی کە دژبە حیجابی ئیسلامی تەبلیغ و چالاکی دەکەن. بێگومان ئەمە گەڵاڵەیەکی ئەمنیەتی لەدژی هەموو کۆمەڵگایە.
پەسندکردنی ئەم گەڵاڵە دژەژنە و ناردنی بۆ دەوڵەت لە کاتکێدایە کە سەرەڕای شەپۆلی یەک لە دوای یەکی سەرکوت و هاواری ئیمامانی جومعە و جەولەی حیجاببانان، ژنانی ئازادە و بێباکی ئێران بۆ پێداگری لەسەر مافی ئینسانی و بنەڕەتیی خۆیان لە هەڵبژاردنی جۆری پۆشین، بەردەوام بە بێ حیجابی ئیجباری دەچنە شوێنە گشتییەکان. لەژێر فشاری خۆڕاگری و موقاومەتی بێباکانەی ژنان بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری، سەرانی و یاسادانەرانی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی زیاتر لە دوو ساڵە لە ترسی ڕووخانی دیواری بەرلینی حیجابی ئیجباری و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر جەستەی ژنان، باس لە زەروورەتی گونجاندنی سزای توندی وەک شەللاق و تەبعید لەم گەڵاڵەیەدا دەکەن. هێندێکی تریش بەخاتری ڕەعایەتی حاڵی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و دڵپەرۆشانی نیزام، باس لە گرینگیی “کاری فەرهەنگی” لەم گەڵاڵەیەدا دەکەن.
ترسی سەرانی ڕژیم لە ڕووخانی دیواری حیجابی ئیجباری و ئەمجۆرە نیگەرانییانەی نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە هەمان حاڵدا کە وشک مێشکی و کۆنەپەرستبوونی تۆخی سەران و کارگێڕانی ڕژیم نیشان دەدات، لە هەمانحاڵدا نیشانەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزە لەئاستی کۆمەڵگەدا. ئەم هاوسەنگییە تازەیە بەرەبەرە و لە ئاکامی زیاتر لە چل ساڵ خەباتی سەنگەر بە سەنگەری ژنان دژبە هەڵاواردنی ڕگەزەی و سیاسەتی دژەژنی حکوومەتی ئیسلامی بووەتە ئەمری واقع. خەباتی بێ پسانەوەی ژنان لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا و بۆ نموونە حزووری بەرینی ژنانی ئازادیخواز لە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، و پێشەنگایەتییان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا سەرچاوەی ئەو موقاومەتە بەرینەیە کە ئەمڕۆ لە مەیدانی خەبات دژبە حیجابی ئیجباریدا خۆی نیشان داوە و سەرانی ڕژیم و فەرماندەکانی هێزی ئینتزامیی هیلاک و هەراسان کردووە.
دیارە خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری بوارێک نییە کە بەتەنیا بەرینایی خەباتی ڕزگاریبەخشی ژنانی ئێران نیشان بدا، بەڵام موقاومەت بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە خۆڕاگری دژبە یاسای ئیسلامی و نادیدەگرتنی دەستوورای حکوومەتی. کۆنتڕۆڵی دیاردەی بێ حیجابی لەدەستی ڕژیم چووەتە دەرێ و هەر ئەم واقعیەتەشە کە بەمجۆرە سەرانی حکوومەتی نیگەران کردووە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ شەقام و زانکۆکان ناتوانن پاشەکشە بەو ژنانە بکەن کە حیجاب و ڕووسەرییان لەسەر کردووەتەوە و یاسا ئیسلامییەکانیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. جەماوەری بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لەبەرامبەریدا داماو و بێتوانا کردووە.
خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوانێک کە حیجابی ئیجیارییان پێ سووکایەتییە بە حورمەتی ئینسانییان، لە یەک هەنگاویی سەرکەوتندایە. کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی ئەو حیجابەی کە بە زەبری سەرکوت بەسەریاندا سەپاوە، هەموو یاساکانی ئەم بوارە هەڵوەشێننەوە. ئەو خەباتەی کە بە سووتاندنی ڕووسەری لەسەر شەقام چووە قۆناغێکی نوێوە دەتوانێ لێبڕاوانە بەسەرەنجام بگات. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و بەتایبەت بەشە چەپ و سۆسیالیستییەکەی دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم هەڵمەتەدا هەبێت. بزووتنەوەی کرێکاریی پێویستە هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری بخاتە دەستووری کاری خەباتی خۆیەوە. ژنانی ئازادیخوازی ئێران لە یەک هەنگاویی سەرکەوتن و ڕژیم لەسەر هەڵدێری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابییە.