ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و ڕەنجدیتوو لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە بوو بەهۆی ڕووخانی دەسەڵاتی شا و ڕژیمی پەهلەوی، یەکێک لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیستەم بوو کە سیمای سیاسیی ئێران و گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە بە ئامانجی واقعیی خۆی واتە ئازادی و ڕزگاری نەگەیشت و ئاواتی جەماوەری ڕاپەڕیو سەرەنجام کەوتە بەندی تاریکستانێکی خۆفناکەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە گرینگە پێویستییەکی مێژوویی بوو کە هەروەک بەردی تواوەی گرکان لە قووڵایی کۆمەڵگاوە هەڵچووبوو. جەماوەری خرۆشاو لەسەر شەقامەکان بۆ ڕزگاری لە دیکتاتۆریی ناوخۆیی و زاڵبوونی ئیمپریالیسم و بۆ نان و ئازادی دەستیان دایە ڕاپەڕین. ڕەوتەکانی لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆنەپەرستان بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەم شۆڕشە بە ناڕەوا پێناسە بکەن و جەماوەری کرێکار و ستەملێکراوی ئێران بەخاتری ڕووخاندنی ڕژیمی پاشایەتی سەرکۆنە بکەن. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە سەرەنجام لەگەڵ شکست و زەوتکران لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا بەرەوڕوو بۆوە و کۆمەڵگای ئێران بوو بە زیندانێکی گەورە بۆ ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان، بەڵام هیچ کام لەم دەلیلانە ناتوانن ڕەوابوون و پێویتسیی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم شۆڕشە کەمڕەنگ و لە گرینگیی مێژوویی کەم بکەنەوە. ئەوەیکە گرینگە ئەو دەرس و ئەزموونانەن کە کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا، بەتایبەت گشت بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیست پێویستە لەم ڕووداوە مێژووییانە فێریان بێت.
ئەم ئاخێزە کۆمەڵایەتییە ئاکامی ڕاستەوخۆی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕان بوو، بەڵام ئامادە و ڕێکخراو نەبوو. ئاخێزگەی سەرەکی و خواستی گشتیی ئەم ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییە، زاتەن دژە سەرمایەداری بوو، بەڵام جەماوەری ڕاپەڕیو و ڕەوتە چەپەکان ئاسۆیەکی سیاسی و ڕوونیان بۆ دانان لەجیات نیزامی سەرمایەداری و دیکتاتۆریی پەهلەوی نەبوو. لەڕاستیدا بەهۆی ئەم باروودۆخەوە، ئەو هێزانە دەسەڵاتی سیاسییان گرتە دەست کە مۆری باروودۆخی وەها سەردەمێکی مێژوویی و سیاسییان پێوە دیار بوو.
ڕەوتی “مۆدێرنیزاسیۆن” و دەوڵەت – نەتەوە درووست کردنی پەهلەوی، گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری و ئاڵوگۆڕی پێکهاتوو لە قووڵایی کۆمەڵگا، بەردەوام ناتەبایی و ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی ناخی کۆمەڵگای زیاتر دەکرد و بەرەبەرە کڵوکۆی مەزن لەناو کۆمڵگادا لەحاڵی گەشەدا بوو. جۆش و خرۆشێک کە بەستێنی بابەتیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ خۆی هێنا. لە وەها باروودۆخێکدا، شۆڕش ببووە بابەتێکی حەتمی و پێویست. شۆڕشێک کە هەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت و هەم ڕێگا بۆ پێشکەوتنی هێزی بەرهەمهێنەر و گۆڕانکاریی گەورەتر خۆش بکات. لە هەمان حاڵدا کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئاستەکانیدا، تینووی ئازادی و ڕزگاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا و زاڵبوونی ئیمپریالیسمی ڕۆژاوا بوو. هەربۆیە مانگرتنی کرێکاری و بەرینایی شەپۆلەکانی شۆڕش لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەوەندە بەرین و پڕخرۆش بوون کە ڕژیمی شا نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتیان بکات. سەرەنجام ئەم گۆڕانکارییانە بوو بەهۆی ڕووخانی نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا. بێگومان ئەوە ساتێکی شکۆدار و مێژوویی بوو کە لەبیرناچێتەوە و لە زەینی مێژوویی شۆڕشگێڕاندا هەر دەمێنێتەوە. بەڵێ، کرێکاران و جەماوەری وەگیان هاتووی ئێران نیشانیان دا کە شۆڕش لەناو دەستی ئەوان دایە.
ئەگەر سەرەنج بدەینە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە جەرگەی ئەم شۆڕشەدا، ڕەوتی ڕووداوەکان نیشانەی ئەو واقعییەتەن کە شەپۆلی مانگرتنی بەرینی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییە سەنعەتییەکان لە مەودای زەمانیی نێوان مانگی ڕەزبەر تا ڕێبەندانی ٥٧ ڕۆڵێکی چارەنووس سازیان لە ڕووخاندنی ڕژیمی پەهلەوی دا هەبووە. بەتایبەتی پەیوەست بوونی کرێکارانی شیرکەتی نەوت بە ڕەوتی شۆڕش. ئەم کرێکارانە بە مانگرتنەکانیان زەربەی قورس و چارەنووس سازیان لە جەستەی ڕژیمی پەهلەوی دا. هەروەها هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکانیش ئەکتەری سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بوون. ئەگەرچی ئاراستەی چپ و سۆسیالیستی خاوەن هێزێکی کۆمەڵایەتیی بەرین بوو و مانگرتنە کرێکارییەکان سەرەنجام پشتی ڕژیمی پەهلەوییان شکاند و شۆڕشیان کردە بابەتێکی حەتمی، بەڵام کرێکاران و هێزە شۆڕشگێڕەکانی دیکە چ لە بواری ڕێکخستن و چ لە بواری ڕێبەریی سیاسییەوە، نەیانتوانی لە وەها قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەدا ببنە هێزێکی زاڵ و دەسەڵاتدار. بە سەرەنجدان بەو لاوازییانەی کە لەناو بزووتنەوەی کرێکاری دابوو، ڕێکخراوە کرێکارییەکانیش لەوانە کۆمیتە و شۆرا کرێکارییەکان نەیانتوانی لەسەر ڕەوتی سیاسیی تێپەڕین بەرەو دەسەڵاتی نوێ، کاریگەریی پێویست بە قازانجی خۆیان دابنێن.
لەسەر بەستێنی وەها باروودۆخێک، هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بە ڕێبەریی خومەنیی ئەم دەرفەتەیان بە باش زانی و بە پشتیوانیی چارەنووس سازی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و بەڕێوەبردنی سیاسەتی پۆپۆلیستی بۆ کاناڵیزە کردنی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی سیاسییان بەدەستەوە گرت و نیزامی کۆماری ئیسلامییان بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپاند. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە چارەنووسی ئەم شۆڕشە، تەنها بەهۆی لاوازبوون و کەموکوڕییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، هاوسەنگیی هێزەکانی ناو ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە و هەروەها نەبوونی هێژمۆنی و ئاسۆی ڕوون لەلایەن هێزە شۆڕشگێڕ و پێشڕەوەکانەوە نەبوو. لەڕاستیدا ئەم جۆش و خرۆشە شۆڕشگێڕانەیە و چارەنووسی دەردناکی لە دوورگەیەکی چۆڵ و بەدوور لە کاریگەرییەکانی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و کێشمەکێشی دسەڵاتەکانی جیهان لە جەرگەی ڕووداو و دواهاتەکانی “شەڕی سارد” و دەستتێوەردانی ژێئۆپۆلیتیکیی و ئیمپریالیستیی دەسەڵاتە گەورەکانی سەرمایەداریی ڕۆژاوا نەبوو. دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتی و بەرچاوی هەبوو لە چارەنووسی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە و زەوتکرانی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هێزی ئیسلامیی شیعەوە. ئەگەر شۆڕش ئاکامی ناتەبایی و ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگایە بوو، هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییانە دەستتێوەردانی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری تای تەرازووی بەقازانجی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی قورستر کرد و ئەوانی تا گرتنەوەی نیهایی دسەڵاتی سیاسی پشتیوانی کرد. دەسەڵاتە سەرەکییە ئیمپریالیستەکان لە کۆنفڕانسی “گوادلۆپ”دا بەوە گەیشتن کە بە دیفاعی هەمەلایەنە لە ئیسلامییەکان، بەدیلی داهاتووی ئێران بەسەر چارەنووسی ڕاپەڕینی ئێران دا بسەپێنن. لە هەنگاوی یەکەمدا خومەینییان لە عێراقەوە ڕەوانەی پاریس کرد و تۆڕێکی بەرین لە میدیا بەهێزەکانیان خستنە ئیختیارەوە تا خۆیان وەک تەنیا بەدیلی چارەنووس سازی شۆڕشی ئێران پێناسە بکەن.
هەربۆیە داهاتووی هەر ئاڵوگۆڕێکی بەرین لە ئێران، بەردەوام لەگەڵ مەترسیی دەستتێوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بە قازانجی ڕەوتە بورژوا کۆنەپەرسەکان بەرەوڕوویە. بێ دەلیل نییە کە گشت هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و بورژوایی، چ لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری خوازان، چ لیبڕاڵ و شۆڤینیستە پاوانخوازەکان و چ حیزب و لایەنە ناسیۆنالیست و مەزهەبییەکان، بەردەوام ستراتێژی خۆیان بە پشت بەستن بە گۆڕان لەسەرەوە، ڕژیم چەینج و دەستتێوەردانی دەسەڵاتی ئیمپریالیستی داڕشتووە. بێ دەلیل نییە کە ڕەوتەکانی لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆنەپەرستان بە ئاماژە بە دەسەڵاتی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی، بەردەوام جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە شۆڕش و گۆڕین لە خوارەوە دەترسێنن، چونکە دەزانن شۆڕش و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی کۆمەڵگا، گشت پەیوەندییەکانی سەرمایەداری دەپچڕێنێت و دەستی ڕەوتە بورژواییەکان لە دەسەڵاتی سیاسی کورت دەبێتەوە.
کەوابوو، لە باروودۆخێکدا کە ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی بە بەرینایی هەموو کۆمەڵگا لە ئارا دایە و کۆمەڵگا بەرەو ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە هەنگاو هەڵدەگرێت، لەڕووی زەروورەتی مێژوویی و خەباتکارانەوە، پێویستە خۆمان بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە ئامادە بکەین. ئەگەر قەرار بێت مەترسیی زەوتکران و شکستی شۆڕشی داهاتووی ئێران بڕەوێنین، یەکێک لە پێش مەرجەمانی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەو و ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە. ئەگەر قەراربێت شۆڕشی داهاتووی ئێران وەک وێرانە بەسەر کرێکاران و هەژاران و گشت هێزە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکاندا نەڕووخێت، پێویستی بە پتەو کردنی ڕیزی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە ئاستی سەرتاسەری، پێویستی بە دیاریکردنی ئاسۆی ڕوون و ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لەپێناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سۆسیالیستییە. پێویستی بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستییە کە هەم گشت هێز و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکان ڕێک بخات و لێکیان نزیک بکاتەوە و هەم بزووتنەوەی چینایەتی و ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و هەروەها هەڵسووڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵی تاک پێکەوە پەیوەند بدات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە