فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ تووماج ساڵحی، ئەوپەڕی داماویی دەسەڵاتی ئیسلامی
شەممە ۰۸-۰۲-۱۴۰۳   |  27-04-2024

بەدوای دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ تووماج ساڵحی هونەرمەندی بوێر و ناڕازی، تووڕەیی لە دژی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا تەشەنەی کردووە. ڕۆژی چوارشەممە ٥ی مانگی گوڵانی ١٤٠٣ بەرابەر بە ٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢٤ ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەی تووماج ساڵحی سەبارەت بە حوکمی ئێعدامی ناوبراو ڕایگەیاند: “لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسفەهان، لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا، حوکمی دیوانی باڵای وڵاتی سەبارەت بە دۆسیەی ساڵی ١٤٠١ی تووماج ساڵحی جێبەجێ نەکرد و بە “ئیرشاد” پێناسەکردنی ئەم حوکمە و بە پێداگری لەسەر سەربەخۆبوونی دادگای سەرەتایی، تووماجی ساڵحی بە تۆمەتی(افساد فی الارض) بە توندترین سزا واتە ئێعدام مەحکووم کرد”. ئەو لە درێژەدا وتی: “دەرکردنی ئەم حوکمە بۆ تووماج لە کاتێکدایە کە پێشتر هەر ئەو لقە، بەربڵاویی تۆمەتی افساد فی الارضی ئاشکرا نەکردبوو. بەڵام خاڵی سەیر لەوەدا بووە کە دادگای سەرەتایی، بێجگە لە سزای سێدارە، هەندێک سزای دیکەشی لەبەر چاو گرتووە و تووماجی بە دوو ساڵ قەدەغەی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێران، ٢ ساڵ قەدەغەی چالاکیی هونەری و بەشداری لە کلاسەکانی مودیرەیەتی ڕەفتار و مەهارەتی دانشی دادگوستەری ئیسفەهان مەحکووم کردووە”.

ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە لە حاڵێکدا دەرکراوە کە تووماج ساڵحی لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ و هاوکات لەگەڵ ئاخێزی سەرتاسەریی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرابوو و لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢دا ئازاد کرا. بەڵام ناوبراو لە ڕۆژی ٩ی مانگی سەرماوەزدا کەمتر لە دوو حەفتە دوای ئازادکرانی لە زیندان بە “تاوان”ی باسکردنی بەسەرهاتی زیندان بۆ جارێکی تر دەستبەسەرکرایەوە.

ئەم ناتەباییە “سەیر” و ئاشکرایانە لە حوکمی دەرکراو بەدژی تووماج نیشانەی ئەوەیە کە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بەر لەوەیکە حوکمێکی یاسایی دژبەم هونەرمەندە ناڕازییە و دژبەم زیندانییە سیاسییە بێت، حوکمێکی سیاسییە و بەر لەوەیکە تووماجی کردبێتە ئامانج، جەماوەری ڕاپەڕیوی سەر شەقامی کردووەتە نیشانە. واتە ئەو جەماوەرەی کە تووماج دەنگی ڕەسای تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ئەوان بوو. ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ تووماج دەیهەوێ جەماوەری ناڕازیی سەر شەقامەکان چاوترسێن بکات. چونکە گەرووی تینووی ئازادیی تووماج دەنگی ناڕەزایەتیی ئەوان دژبە سفرەی بەتاڵیان و دژبە نایەکسانی و هەڵاواردنی هاوار دەکرد.

دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ تووماج درێژەی مەنتقیی هێرش بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، درێژەی هێرش بۆسەر ژنان لەژێرناوی “تەرحی نوور” و درێژەی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی ناوچەکەیە. واقعیەت ئەوەیە کە سەرەڕای دروشمی بێناوەرۆکی ڕژیم سەبارەت بە نابوودیی ئیسرائیل، سیاسەتی ستراتێژک و دوکتورینی “هێرشی بەرگرانە” یان “شەڕی خۆپارێزی” لەڕێگەی هێزەکانی میحوەری موقاومەتەوە گەیشتووەتە بنبەست. ئەگەر سەردەمانێک سەرانی ڕژیم لەو باوەڕەدا بوون کە بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی نیزامی ئیسلامی دەبێ لە لۆبنان، سووریە و عێراق بەشەڕ بێن، لەئێستادا بەوە گەیشتوون کە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی ئیسلامی دەبێ شەڕ لە بەرەی ناوخۆییدا پەرەپێبدەن. دەبێ لەگەڵ ژنانی بێ حیجاب لە شەقامەکانی تاران، لەگەڵ خانەنشینان و کرێکارانی مانگرتووی فوولادی ئەهواز و لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بەشەڕ بێن. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ناتوانێ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی کە ڕیشەی لە حەقیقەتە ماددییەکاندایە، خامۆش بکات. سگی برسی، سفرەی بەتاڵ و گەرووی تینووی ئازادی هەموو ڕۆژێ ئەم پێویستییەی ژنان هاوار دەکەن.

بێگومان ڕژیم بە پەرەپێدانی شەڕ لە بەرەی ناوخۆیی دژبە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی، خۆی لە لێواری هەڵدێر نزیکتر دەکاتەوە. ئەمجارە دروشمی سزای سێدارە دەبێ هەڵوەشێتەوە، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، بەهێزتر لە ڕابردوو لە ناوەوە و لە بەرامبەر زیندانەکان و ئەشکەنجەگاکانی ڕژیم هاوار دەکرێت. جەماوەری ڕاپەڕیو بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و یەکپارچە لە بەرامبەر زیندانەکان و بە وتنەوەی دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، ئازیزانیان لە زیندانەکان ڕزگار دەکەن.

ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و ئازادیخواز کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارییان ئەزموون کردووە باش دەزانن کە ئەوە هۆکار و خوڵقێنەرانی ئەم بارودۆخەن کە دەبێ زیندانی بکرێن. ئەو کەسانەی کە بۆ ڕۆڵەکانی خەڵک، بۆ کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازیی تووماج پەروەندەسازی دەکەن، دەیانخەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەو کەسانەی کە جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکاندا دەیاننێژن. واتە ئەو کەسانەی کە سەروەتی کۆمەڵگا و بەرهەمی چەوساندنەوەی کرێکاران تاڵان دەکەن و ڕەنج و بێبەشی و بێمافیی بێسنوور بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن. دوور نییە ئەو ڕۆژەی پایەکانی تاوان و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بڕووخێت و سەران و کاربەدەستانی تاوانکاری ئەم ڕژیمە لە دادگاکانی خەڵکیدا لەبەرچاوی هەمووان موحاکمە بکرێن و سزای تاوانەکانیان وەربگرن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv