فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەرکردنی ڕژیمی ئیسلامی لە “ڕێکخراوی جیهانیی کار” خواستی کرێکارانە
چوارشەممە ۱۷-۰۳-۱۴۰۲   |  07-06-2023
دەرکردنی ڕژیمی ئیسلامی لە "ڕێکخراوی جیهانیی کار" خواستی کرێکارانە

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی مانگی جۆزەردان و لە ڕۆژی دەستپێکی کاری کۆبوونەوەی ١١ ڕۆژەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ژنێڤ، هەشت ڕێکخراوی کرێکاران و مامۆستایان وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی دیکەی کرێکاری لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە خوازیاری دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار (ILO) و ڕێگەنەدانی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە بوون. ئەم ڕێکخراوانە لە نامەکەیاندا وێڕای ئاماژە بە سیاسەتە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بووەتە هۆی هەژاری و فەلاکەتی بەرین بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا، ڕایانگەیاندووە کۆماری ئیسلامی هەمیشە و بەتایبەت لە جەرەیانی بزووتنەوەی سەرانسەریی ئەم دوایانە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕەوای کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان، پەرستاران، چالاکانی داکۆکیکاری مافی منداڵانی تەنیا بە ئێعدام و سەرکوتی بەرین وڵام داوەتەوە. هەروەها لەم نامەیەدا وێڕای ئیعتڕاز بە نەرمکێشی و سازانی ڕێکخراوی جیهانیی کار لەئاست کۆماری ئیسلامی تەئکیدیان کردووە کە: “کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک نوێنەری کرێکاران و مامۆستایان و خەڵکی ئێران نییە” و لە بەشداربووانی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار داوایان کردووە کە: “سەرکوتگەری و پێشێلکاریی بەردەوامی مافی کرێکاران و مامۆستایان و بەتایبەت پێشێلکردنی مافی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و پێشێلکردنی مافی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامی، کە لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکن لە هەر کۆمەڵگایەکدا، مەحکووم بکەن”.

شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی نەوت، شۆرای سازماندانی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت، کۆمیتەی پەیگیری بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، شۆرای خانەنشیانی ئێران، دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووهی میللیی فولاد، ئەنجومەنی سینفیی کرێکارانی بەرق و فلزکاری کرماشان، سەندیکای نەقاشانی ئەلبۆرز و داکۆکیکارانی هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان لەڕێگەی نامەیەکی کراوەوە داوایان لە هەیئەتە کرێکارییەکانی بەشداربوو لەم کۆبوونەوەیە کردووە کە هەوڵ بۆ ئازادیی هەموو کرێکاران و مامۆستایان و چالاکانی کۆمەڵایەتی و ڕاگرتنی دەستبەجێی شەپۆلی ئێعدامەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بخەنە دەستووری کاریانەوە. ئەم ڕێکخراوانە لە بەشێکی تر لە نامەکەدا ئاماژەیان بە دەستبەسەرکردنی ٢٢ چالاکی کرێکاری و ١٩ چالاکی بزووتنەوەی مامۆستایان (وێڕای نووسینی ناوەکانیان) کردووە کە لەماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا تەنیا بە تاوانی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا لە زینداندان و لە بارودۆخێکی غەیری ئینسانیدا ڕاگیراون.

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی کرێکار لە بەیاننامەیەکدا هەر بەم بۆنەیە وێڕای ئاماژە بە بوونی زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵی کار و هەروەها چەندین ملیۆن کرێکاری خانەنشینکراو کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین داوای لە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانی جیهان کردووە کە لە خەباتی کرێکارانی ئێران پشتیوانی بکەن و مانعی بەشداریی هەیئەتی فەرمایشیی کۆماری ئیسلامی لەم کۆبوونەوەیە بن و بەڕەسمییان نەناسن.

ڕەزا شەهابی زیندانی سیاسی و کەسایەتی چالاک و ناسراوی کرێکاری لە شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانیش لە زیندانەوە، نامەیەکی بۆ نوێنەرانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار نووسیوە و خوازیاری ئەوە بووە کە هەیئەتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە بەڕەسمی نەناسن. چونکە ئەوان نوێنەرانی کرێکارانی ئێران نین بەڵکوو بەردەوام دژبە کرێکاران و ئامرازی دەستی خاوەنکار و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم بوون بۆ داسەپاندنی گوشاری زیاتر بۆسەر کرێکاران.

بەڵام بێجگەلە چالاکان و ڕێکخراوەکانی ناوەوەی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە یەکیەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە وڵاتانی دیکە لەوانە کۆنفێدراسیۆنی دیموکراتیکی فەڕانسە، کۆمەڵگەی کرداری سنفیی ژنێڤ لە سویس، کۆنفێدراسیۆنی کاری ئیتالیا، یەکیەتیی خزمەتگوزاریی گشتی و تیجاریی بریتانیا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە کرێکاران و مامۆستایانی ئێران، هێرشیان کردە سەر ڕێکخراوی جیهانیی کار و سەرزەنشیان کرد کە نەتەنیا کردەوەیەکی گونجاوی دژبە کۆماری ئیسلامی ئەخاتری پێشێلکاریی مافی سەرەتایی کرێکاران ئەنجام نەداوە بەڵکوو نوێنەرانی ڕژیمیشی بۆ ئەم کۆبۆنەوەیە دەعوەت کردووە. ئەم یەکیەتییانە بەهۆی پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لەگەڵ کرێکارانی ئێران هاوپشتییان دەربڕیوە و خوازیاری دەرکردنی نوێنەرانی ڕژیم لە ڕێکخراوی جیهانیی کار بوون. هەروەها لە بەیاننامەکەیاندا داوایان لە باقیی یەکیەتییە کرێکارییەکان کردووە کە لە ڕۆژی ٩ی ژوئەندا لە ژنێڤ لە کۆبوونەوەیەکدا کە دژبە کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبەن، بەشداری بکەن. یەکیەتییە گەورە و سەرەکییە کرێکارییەکانی دانمارکیش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە وێڕای پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سیستماتیک یاساکانی ڕێکخراوی جیهانیی کار و مافە بنەڕەتییەکانی کرێکارانی پێشێل کردووە. لەم ڕووەوە لە کرێکاران ئێران و لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ٩ی ژوئەن لە بەرامبەر شوێنی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار پشتیوانی دەکەن و خۆشیان لەم ڕۆژەدا لە دانمارک خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن و خوازیاری دەرکردنی نوێنەرانی ڕژیم لە ڕێکخراوی جیهانیی کار و وەرگرتنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکارانی ئێران دەبن. هەروەها یەکیەتیی پەرستارانی دانمارکیش لەم خۆپیشاندانە پشتیوانیی کردووە.

واقعیەت ئەوەیە کە هەیئەتی نێردراوی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار، نوێنەرانی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و دەوڵەتی و لە بەڕێوەبەرانی سەرکوت و کوشتار و پێشێلکارانی مافی کرێکارانی ئێرانن.

دەعوەتکردنی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی کار بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی، نیشانەی بایەخنەدانی ئەم ڕێکخراوە بە مافی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران و سازان و موعامەلە لەگەڵ ڕژیمی دژەکرێکار و دژەژنی کۆماری ئیسلامییە. کۆبوونەوەی ئەمساڵی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە کۆماری ئیسلامی هەزاران کرێکار و مامۆستا و خوێندکار و خانەنشینی داوەتە بەر هێرش و زیندان و ئەشکەنجە و قەتڵ. ئەم کۆبوونەوەیە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچێت کە کۆماری ئیسلامیی سەرمایە، حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاریی بەسەر کرێکاراندا سەپاندووە و ئەمنیەتی پیشەیی و کۆمەڵایەتیی لێ زەوت کردوون. هەزاران کرێکاری بەتاوانی بەشداری لە ناڕەزایەتی دژبە بێ مافی و سەرکوت و کوشتار لەسەر کار دەرکردووە. لە وەها بارودۆخێکدا دەعوەتکردنی ڕژیمی مەنفوری کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە دەبێتە بەڵگەیەکی شەرمەزاری لەناو دۆسیەی ئەم ناوەندەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co