فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەرکاربوونی سەرۆک کۆماری ڕژیم و تیرۆری ئیسماعیل هەنییە
شەممە ۱۳-۰۵-۱۴۰۳   |  03-08-2024

ڕۆژی سێشەممە ٩ی مانگی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەی ڕەسمیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی مەسعوود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری حکوومەتی ئیسلامی بەڕێوەچوو. ئەو لە چوارشەممە ١٠ی مانگی گەلاوێژەوە وەک نۆهەمین سەرۆک کۆمار کاری خۆی دەستپێکرد. بەشداریی لاوازیی نوێنەرانی پلەی چەندومی هێندێک لە دەوڵەتەکان لەم ڕێوڕەسمە، نیشانەیەکی دیکەی بێ ئیعتباربوونی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی ئیسلامی و فۆڕماڵ بوونی پێگە و ئیختیاراتی سەرۆک کۆمارە لە کاروباری هەستیار و سەرەکیی حکوومەتی ئیسلامیدا. بەڵام لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر لە هەیئەت و نوێنەرانی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لەوانە شێخ نەعیم قاسم قایمەقامی حەسەن نەسڕوڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لۆبنان، زیاد نوخالە ڕێبەری جەهادی ئیسلامی لە فەلەستین، محەممەد عەبدولسەلام وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، هەیئەتێک لە لایەن ڕژیمی تاڵەبانی ئەفغانستان و ئیسماعیل هەنییە ڕێبەر و سەرۆکی دەفتەری سیاسیی حەماس چوونە تاران تا لەم مەراسیمەدا بەشدار بن.

ئەوان هەمان ڕۆژ لەگەڵ خامنەیی و پزیشکیان دیداریان کرد تا لە بەردەوامبوونی یارمەتییە بێدەریغەکانی کۆماری ئیسلامی دڵنیا بنەوە. عەلی خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی تەنفیزی حوکمی پزیشکیان ئیسرائیلی وەک “باندێکی تاوانکار، قاتڵ و تیرۆریست” ناولێبرد و وتی: ”قەرار نییە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت سەبارەت بە قەیرانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات”. ڕۆژێک پێشتریش پزیشکیان لە دیدار لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە وێڕای ستایشی “موقاومەتی فەلەستین” وتبووی: ”کۆماری ئیسلامی درێژە بە پشتیوانیی خۆی لە فەلەستین دەدات و دڵنیایە لەوەیکە ئەم موقاومەتە دەبێتە هۆی لەناچوونی ئیسرائیل”. پزیشکیان جەختی کردبووەوە کە پشتیوانیی و کۆمەکی کۆماری ئیسلامی بە گرووپە ئیسلامییەکان، سیاسەتێکی بنەمایی و نەگۆڕی کۆماری ئیسلامییە و بە تەکلیفی شەرعیی دەزانین و لەمە بەدواش بەهێزێکی زیاترەوە ئەم سیاسەتانە درێژە دەدەین”. لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی پزیشکیاندا، مۆرەکانی کۆماری ئیسلامیش بە وتنەوەی دروشمی فریوکارانە و بێ ناوەرۆکی چل ساڵە لەوانە “مەرگ بۆ ئەمریکا”، “مەرگ بۆ ئیسرائیل”، “دروود بەر فەلەستین” و هیتر، ڕیاکارانە ویستیان نیشانی بدەن کە پشتیوانی خەڵکی فەلەستینن.

بەڵام لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مانگی گەلاوێژ، لە یەکەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونی دەوڵەتی پزیشکیان، ئیسماعیل هەنییە و پارێزەرەکەی کە لە میوانسەرای سپای پاسداران لە باکووری تاران و لەژێر چاوەدێریی تایبەتی دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە حاڵی ئیستراحەتدا بوون، بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە کوژران. خامنەیی لە کاردانەوە بە تیرۆری”میوانە ئازیزەکەی لە ماڵی کۆماری ئیسلامی و داغدارکردنی دووبارەی” لە پەیامێکی گشتی و ناڕووندا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە زەمینەی سزایەکی سەختی بۆ خۆی فەراهەم کرد. هەروەها وتی: ”کۆماری ئیسلامی خوێنخوازیی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران بە ئەرکی خۆی دەزانێت. پەیامی خامنەیی بەبۆنەی تیرۆری هەنییە لەلایەن ئیسرائیل و لە “ماڵی کۆماری ئیسلامی”، زۆر پارێزکارانەتر لەو قسانە بوو کە بەدوای هێرش بۆسەر کۆنسوولخانەی ڕژیم لە دێمێشق لە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردوودا کردی. هێرشێک کە بەهۆیەوە ڕەزا زاهدی یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی قۆدس کوژرا.

بەدوای تیرۆری هەنییە، نیۆیۆرک تایمز باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەی بەپەلەی بەناو “شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللی” لە بەیتی خامنەیی و بە حزووری ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قۆدسی سپای پاسداران بەڕێوەچووە. هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسدارانیش ڕایگەیاند کە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل هەنییە ڕۆژی پێنجشەممە لە تاران بەڕێوەدەچێت و دەوڵەتی پزیشکیانیش سێ ڕۆژی ماتەمینی گشتی لە ئێران ڕاگەیاند. بەمجۆرە تەنیا کارێک کە لەم بارودۆخەدا لە دەستی کۆماری ئیسلامی هات، بێجگەلە ڕەوانەکردنی مۆرەکانی بۆ سەر شەقامەکان بەئامانجی نیشاندانی هێز و پاساوکردنی ئەم ڕسواییە ئەمنیەتییە، هەڕەشەکردن لە خەڵک و چالاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو. بۆ ئەوەی بێدەنگ بن و باسی ئەم ئابڕووچوونە سیاسییە نەکەن. لەمبارەوە دادستانی گشتیی ڕژیم وەک یەکێک لە دەزگا سەرکوتەکانی ڕژیم بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک لەژێرناوی بێناوەرۆکی “زەربەلێدان لە ئەمنیەتی دەروونیی کۆمەڵگا” هەڕەشەی پەروەندەسازیی لە خەڵک کرد و هەوڵی دا هەتا کاتی ئامادەکردنی سێناریۆکەی خۆیان، لە لێدوانی خەڵک سەبارەت بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە ڕێگری بکات. لەم ڕاگەیاندنەدا فەرمان بە دەزگاکان و مۆرەکانی ڕژیم دراوە کە فەزای مەجازیشیان لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت و سەرپێچکاران دەستگیر بکەن. بێگومان هەموو ئەم هەوڵانە، خۆی نیشانەی بەرینایی ترس و لاوازی و نەبوونی متمانە بەخۆیی ڕژیمی ئیسلامییە.

هێندێک لە کاربەدەستانی ڕژیم تیرۆری ئیسماعیل هەنییە و پاسەوانەکەی لە تاران بۆ وجوودی عەواملی نفووزیی ئیسرائیل لەئاستی باڵای حکوومەتی ئیسلامی دەگەڕێننەوە و دەڵێن: ”بێگومان دەست و پێوەندەکانی ئیسرائیل هێستاش لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەوان شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییەیان ئاشکرا کردووە”. ئەگینا ئیسرائیل چۆن دەتوانێ لەناو بینای گەورەی میوانسەرای سپای پاسداراندا دروست ئەو تەبەقەیە بکاتە ئامانج کە شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە بووە و لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی تونددا بووە.

تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە قەلبی تاران و لە بارودۆخێکدا کە کەشوهەوایەکی بەرینی ئەمنیەتی بەبۆنەی مەراسیمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان لە ئێران بەرقەراربوو، بەر لەوەیکە زەربەیەک بێ لە حەماس، زەربەیەکە لە حکوومەتی ئیسلامی و تەحقیری دامودەزگا گەندەڵە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەحیساب دێت. ئەم زەربەیەی ئیسرائیل لە دەزگا ئەمنیەتییەکان لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی ٣ی مانگی گەلاوێژ وەزیری ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی ئیدیعای کرد کە توانیویانە تۆڕێکی مووساد لە ئێران نابوود بکەن و ئەوەشی بەشانازییەوە بە کردەوەی گرینگی خۆی و دەوڵەتی ڕەئیسی ناولێبردبوو.

بەڵام وەها پێگەیەکی لاواز و سەرشۆڕانە یەکێک لە ئاکامەکانی سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەیە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لە خەون و خەیاڵی زەمانەتکردنی مانەوەی دەسەڵاتەکەیدا، بە بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە دژەئینسانییانە وێڕای ئەوەیکە سەدان ملیارد دۆلاری لە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەفیڕۆ داوە، بووەتە هۆی کوژرانی دەیان و سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران و وڵاتانی دیکە و بووەتە هۆی وێرانی و ئاوارەبوونی ملیۆنان ئینسان. بەڵام بێگومان ئەم سیاسەتانە ناتوانن مانەوەی دەسەڵاتی ڕژیمی گەندەڵ و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی زەمانەت بکات و دوور نییە ئەو ڕۆژەی لەڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە بە هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەسەڵاتی تاوانکاری کۆتایی بێت.