بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتوون، ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەز، هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم هاووڵاتیەکی خەلکی دیواندەرەیان بە ناوی “رەفیق دیوارگەر” دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
هاوکات لە شاری پیرانشار بەندکراوێکی سیاسی پێشوو بە ناوی باپیر بەرزە لە سێ ڕێیانی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار لە لایان هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها میلاد مۆرادی خوێندکاری بەشی پەرستاری و خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لە شاری دێولان، چیاکۆ محەممەدی یان پاش لێدان و کوتان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەروەها شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر نووسەر و شاعیری خەڵکی شاری پاوە بە ناوی پەرویز بابایی دەستبەسەر کرا. هەر رۆژی شەممە لە شاری شنۆ ، ٩ هاووڵاتی بە ناوەکانی: “ئەحمەد محەممەد ئەمینی، سابر محەممەد ئەمینی، ناسر حەسەنزادە، نورەدین شادمەنش، مەهناز ڕۆستەمی، حەیدەر ڕۆستەمی، محەمەد کویخا، کەمال کۆیخا و جەمال کۆیخا” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەروگواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.