فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکرانی خوێندکارێکی زانکۆ لە تاران
چوارشەممە ۲۹-۰۱-۱۴۰۳   |  17-04-2024

نێوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دینا قالیباف، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی بەهەشتیی تاران و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها چارەنووسی دینا زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
دینا قالیباف ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئیکسدا نووسیبووی کە: “دوێنێ لە ژووری پۆلیسی وێستگەی میترۆی سادقیە کاتێک پێداگریم لەسەر ئەوە دەکرد کە تا کاتێک باج دەدەم بە دەوڵەت، مافی کەڵک وەرگرتن لە میترۆشم هەیە، بە بەکارهێنانی توندوتیژی منیان بردە ژوورێک و شۆکێریان لێمدا. تەواوی ئەو ماوەیە دەستمیان بە دەستبەسەند بەستبۆوە و یەکێک لە هێزەکانیان دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم.”
دینا قالیباف خوێندکاری بەشی کارناسیی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەهەشتیی تارانە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بانگکراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە.