
لەدێرژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی کاوە کۆڵە و برازاکەی قادر کۆڵە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، قادر کۆڵە و کاوه کۆڵە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”کانی ڕەش” سەر بەشاری بۆکان دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەهۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیران و تومەتە وەپاڵدراوەکان وهەروەها چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە حەوت ڕۆژی یەکەمی مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٥وە لانی کەم ٢٠ هاووڵاتیی لەلایەن ناوەندەئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، بۆکان، مەریوان و دیواندەرە دەستبەسەرکراون.