دوو هاووڵاتی خەڵکی میاندواو دوای بانگکران لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ڕژیم لەو شارە بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شامات سەر بە شاری میاندواو، بە ناوەکانی ئومێد قادرنژاد تەمەن ٢٨ ساڵ و موحسین قادرەڕەش تەمەن ٣٠ ساڵ دوای بانگکران بۆ ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر کران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قادرنژاد و قادرەڕەش، ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون و دوای دەستبەسەرکران بۆ زیندانی ناوەندیی میاندواو گواستراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ هاووڵاتی بە هۆکاری ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون و سەدان هاووڵاتی دیکەش بانگکراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.