ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی “هیوا لەتیفی” و خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزیکردن لە گۆڕەپانی “زیندان”ی ئەو شارە دەستبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژێک پێشتر، واتە چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی دیکەی ناڕازی بە ناوی “فەرهاد پوورئەحمەد” تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، بە هەمان شێوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزیکردن لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە،لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا هێزەکانی ڕژیم لە گۆڕەپانی “ئازادی”ی شاری پیرانشار هێرشیان کردووەتە سەری و بە باتۆم و قاییش و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە و پاشان دەستبەسەریان کردووە. ئەو هاووڵاتییانە دوای ئەوەیکە دەستبەسەر کراون، بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی تەندروستییان لە بەردەستدا نییە.