دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لە سەوڵاوا
هەینی ۳۱-۰۱-۱۴۰۳   |  19-04-2024
دوو برا لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە گوندی دێوەزناو سەر بە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کران.
بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە عومەر حوسێنی تەمەن ٢٩ ساڵ، عەلی حوسێنی تەمەن ٢٥ ساڵ و ئومێد شەهداد تەمەن ٣٦ ساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “دێوەزناو”ی سەر بە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەو هاووڵاتییانەیان لە ماڵەکانی خۆیان و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و هەروەها بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.