بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، ئەسعەد کاکە هاووڵاتی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری تیکاب لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ هۆکارێک و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەسعەد کاکە ڕۆژی چوارشەممە بە سەر و چاوی بریندار و ئەشکەنجە کراو براوە بۆ دادگای شاری تیکاب و دوای چەند کاتژمێرێک بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و چارەنووسی ئەسعەد کاکە لەبەر دەستدا نییە.
شایەنی باسە، ئەسعەد کاکە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا لە ژێر چاودێریدا بووە و ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەممەی پارەکە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای سی مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەکانی شارەکانی ورمێ و تیکاب، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگایەکەی ئازاد کرا بوو.