لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی موحسین شابۆیی، خەڵکی گوندی “شاوانە”ی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. ئەو مێرمنداڵە برازای سیامەند شابۆیی، چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە تیرۆر کرا. جێگای ئاماژەیە کە، پێشتریش دوو برای سیامەند شابۆیی کە یەکیان ناوی حسێن و باوکی موحسین بوو و هەروەها کۆمار شابۆیی، کوڕە ١٤ ساڵانەکەی سیامەند لە شاری شنۆ و لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرابوون. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی موحسین شابۆیی و هەروەها بارودۆخ و شوێنی ڕگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.