دەستبەسەرکرانی ناسر سەرگەڕان پارێزەر و مامۆستای زانکۆ
سێشەممە ۲۵-۰۷-۱۴۰۲   |  17-10-2023
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕەزبەر، ناسر سەرگەڕان، پارێزەری خەڵکی سەقز، لەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پارێزەرە دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە سەقز، بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواستراوەتەوە. شیاوی ئاماژەپێدانە کە ناسر سەرگەڕان، جیا لە چالاکی لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆیدا، لە بواری میدیا و هەروەها بەرگری لە مافی هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت، چالاکی بووە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.