ڕۆژی شەممە، ١٨ی خاکەلێوە، د. بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتییەکی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دوو جار دەستبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، جارێکیتر دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراوە.
د. بەختیار محەممەدزادە لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، دەستبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، پاش نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاکردنەکەی ئازاد بووە.
د. بەختیار محەممەدزادە دواجار لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی”، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.