هەڵسووڕاوێکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە کە ماوەی پێشوو سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا بوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر کرا.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندان، ئەسعەد محەممەدی هەڵسووڕاوی مەدەنی خەڵکی سنە، دوای بانگکرانی بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی دەستبەسەر کرا و بۆ تێپەرکردنی ماوەی یەک ساڵ بەندکرانەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
ئەسعەد محەممەدی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت» بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوە.
ئەسعەد محەممەدی شەوی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ، لە ماڵی خۆی لە ویلاشاری سنە، بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی ئازاد کرابوو. شایەنی باسە کە بەهار ئەحمەدی هاوژینیشی کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو.