فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیەک لە مەریوان
پێنجشەممە ۱۹-۱۱-۱۴۰۲   |  08-02-2024

هاووڵاتیەکی خەڵکی مەریوان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترایەوە.
ژیلا هۆژەبری هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی ٣ ساڵ و ٨ مانگ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی سنە ناسراو بە (ناوەندی پەروەردە و چاکسازی) گواسترایەوە.
ژیلا هۆژەبری مانگی گەلاوێژی ساڵی ۱۴۰۱ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەرکرا و دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە. ناوبراو دوای ماوەیەک بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو.
ناوبراو زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی “هاوکاری و ئەندامیەتی لە یەکیک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم “، سزای ٥ ساڵ بەندکران، بەتۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای ١ ساڵ بەندکران و بەتۆمەتی “نافەرمانی لە هێزەکانی حکومەت” سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتا ٥ ساڵ بەندکرانی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
سزای ٥ ساڵ بەندکرانی ژیلا هۆژەبری پاش قەبووڵکردنی سزاکەی، بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ کەم کرایەوە.