لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە نەغەدە محەممەد ئەمینیفەر (جۆخۆر) یان لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی “عەلیئاوا” بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و لەگەڵ سازکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن و بێڕێزیکردن بە ئەندامانی ئەو بنەماڵە، ناوبراویان دەستبەسەرکردووە. محەممەد ئەمینیفەر، دوای دەستبەسەرکران بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ گواستراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەسەر دۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.