فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکرانی هۆنەرمەندێک لە ئیلام
پێنجشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۳   |  28-03-2024

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە، محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراو و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەیەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هونەرمەندە دوای گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شۆهانی مەلەکشای لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە. تا داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە لە بەردەستدا نییە.
شایەنی باسە کە، محەممەد عەباسزادە دوای خوێندنی سروودی “ژن ژیان ئازادی” ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراو و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
ئەم هونەرمەندە لە خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی شۆڕشی ئیلام بە هۆی خوێندنی ئەم سروودە بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوو کە ئەم سزایە لەلایەن دادگاوە گۆڕا بۆ ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراو، دوو ساڵ قەدەغە کردنی چوونە دەرەوەی لە ئێران و پێبژاردنی بڕە پارەیەک.
هەروەها محەممەدد عەباسزادە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئیلام بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە” بە ڕەخنە گرتن لە هێرشە کیمیایەکان بۆ سەر قوتابخانەکان” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە یەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٢٤ ملیۆن تمەن سزا درا.