
سەمانە ئەسغەری، هاووڵاتیی دانیشتووی تاران و چالاکی بواری مافەکانی ژنان و منداڵان، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە، سەمانە ئەسغەری، ئەندامی پێشووی لیژنەی بەڕێوبەرایەتیی ئەنجوومەنی پاڵپشتی لە مافی منداڵان دوای بانگکران بۆ خانەی دادی شاری ڕەی، دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
سەمانە ئەسغەری، مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران سزای یەک ساڵ بەندکران، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی بەسەردا سەپێندرابوو.
سەمانە ئەسغەری، ڕۆژی ٢٣ی خەرمانانی پارەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە ماڵەکەی خۆیدا لە تاران، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گواسترایەوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین گواسترابووەوە و چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بەشێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو.
سەمانە ئەسغەری، دەرچووی بەشی ئەندازیاری پیشەسازی زانکۆی خارەزمی، ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ئاکامدا ٤ی گوڵانی ساڵی دواتر، دوای شەش مانگ و شازدە ڕۆژ زیندان لە زیندانی قەرچەکی وەرامین ئازاد کرابوو.