لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە، دەیان هاووڵاتیی کورد لە شاری ورمێ و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ بە ناوەکانی شۆڕش ئیسلامی ساکانی و سەلیم میرزایی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
سەر لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، هێزەکانی پۆلیسی بەناو “ئەمنییەت” هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی پەیمان میرزازادە، هونەرمەندی لاو و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکانی رژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو برا بە ناوەکانی پەیمان ئیبراهیمی و مێهرداد ئیبراهیمی و ئەو دوو برایەیان دەستبەسەر کردووە.
هەر لەو ڕۆژەدا هاووڵاتییەکی تر بە ناوی ئاران تیباش، خەڵکی گوندی دزە لە دەڤەری مەرگەوەڕ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە.
ئارمین نەبی زادە و فەریدوون نەبیزادە، خەڵکی گوندی “دەلۆ” لە دەڤەری شاری ورمێ،هێرشیان کراوەتە سەر و دەستبەسەر کراون.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانان، سینا حوسێنی، و هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانان ئەمیر عەبدوڵڵاهی و مێهران پازشی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
شایانی باسە کە، هەموو ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.