هەواڵدەریی “ئاپا” ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە لە زاری وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئازەربایجانەوە ڕایگەیاند؛ کە ٢٠ کەسی خۆجێیی کە لەژێر ناوی چالاکیی ئایینی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە بەکرێ گیرابوون و سیخوڕییان بۆ ئەو ڕژیمە دەکرد، دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، چەند مەلا کە لە حەوزەی عیلمییەی قوم دەرسیان دەخوێند دەستبەسەر کراون و ئەو کەسانە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی و ڕووخانی دەوڵەتی “باكۆ”یان داوە، هەروەها بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانیان کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە پاش هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران و هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی فازڵ مستەفا، نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئازەربایجان لە باکو لەلایەن ٤ کەسی سەر بە ڕژیمی ئیسلامیەوە، پێوەندییەکانی دوو وڵاتی ئازەربایجان و کۆماری ئیسلامی زیاتر تێک چوو.