ڕۆژی هەینی، ٦ی خەزەڵوەر، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، ٤٣ ڕۆژنامەنووس لە ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون کە هەواڵ و زانیاریی بارودۆخی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وەگیانهاتووی ئەو وڵاتەیان گواستووەتەوە و لەبەرانبەر کوشتنی خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بۆیە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و بە سیخوڕ ناسراون.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە، “کریستۆف دێلۆر” بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور وتوویەتی: بەرپرسانی پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی، شەڕی خۆیان لەگەڵ ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان پەرە پێداوە و بەتوندترین شێوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەروەها گوشاری زۆریشیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەی ئێران هێناوە و هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندنیان لێ دەکەن و هەموو ڕۆژێک کاری ڕۆژنامەنووسان لە ئێران سنووردارتر دەبێتەوە و ڕێگەیان پێ نادرێ کە بارودۆخی خۆپیشاندەران بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بدەن.