دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان ئەندازیار کوروش عەبدی کە لە پاڵاوگەی بەنداوی سیازاخ لە هەفت کیلومەتری شاری دیواندەرە و لە کاتی کارکردن بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە. هاوکات ئیسماعیل بەرخورداری، شۆفیری جادەی دیواندەرە- سنە لە تێرمیناڵی شاری سنە لە دوای هێرشی هێز حکوومەتییەکان دەستبەسەر کرا، ناوبراو ٣٢ ساڵان و خەڵکی دیواندەرە و باوکی دوو منداڵە. لەلایەکی دیکەوە کاتژمێر سێی سەرلەبەیانی پێنج ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووتە سەر گوندی کەوپێچ لە بانە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە شەهرام قادرپەنایان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان، ئەحمەد موعەزێز، هاووڵاتی تەمەن ٧٢ ساڵی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کراوە.بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕژیم بە هێرش بۆ سەر ماڵی ئەحمەد موعەزێز، لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراوتە پاڵ ئەم چوار هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە لەبەردەست نییە.