
کەیوان مامەگوڵی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەھاباد دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکردنی تاوانەکانی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی چوارشەممە ۳ی بەفرانباری١٤٠٤، کەیوان مامەگوڵی، خەڵکی گوندی «گوێکتەپە»ی سەر بە شاری مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
کەیوان مامەگوڵی پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای مەهاباد بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» حوکمی ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و هەندێک دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابو.