دوو ئامۆزای خەڵکی گوندی “سیوچ” سەر بە شاری بانە بە ناوەکانی ڕەحمان ئەحمەدی تەمەن ٣٣ ساڵ و عادڵ ئەحمەدی لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراون. بەدوداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتیە لە ڕاستای وەرگرتنی زانیاری لەبارەی چارەنووسیانەوە لە دوای دەستبەسەرکرانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕژیم بە دە ئۆتۆمبێلی هێزە تایبەتەکانی ناسراو بە «یەگانی ویژە» هێرشیان کردووەتە سەر گوندی سیوچ و هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردوون. هاوکات هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی بێهزاد عوبەیدی دەستبەسەرکرابوو، کە دوای تێپەڕینی ٢٤ کاتژمێر ئازادبووە. بەڵام هەتا ئێستا ئەم دوو هاووڵاتییەی دیکە دەستبەسەرن. ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرابوون. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.