فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکران و ڕاگوێزرانی حەوت هاووڵاتیی بۆ شوێنێکی نادیار
یەکشەممە ۲۶-۰۶-۱۴۰۲   |  17-09-2023

حەوت هاووڵاتیی بە ناوەکانی “مێهران ساعدی”، “سیروان حەسەنی” و “محەممەد غەفووری نژاد”، خەڵکی شاری سەقز، “بێهروز گوڵنەما”، خەڵکی شاری سنە، “سامان خالیدیان”، خەڵکی شاری دیواندەرە، “هاوڕێ خاڕەزم” خەڵکی شاری شنۆ و هەروەها “مەهدی فەیزی”، خەڵکی شاری قوروە لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراون.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەرانان، سامان خالیدیان، خەڵکی گوندی “نەسارە”ی سەر بە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی ڕابردووش محەممەد غەفوری نژاد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تاران پاش ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە، هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هاووڵاتییە و لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلێکی سواریدا بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. لە لایەکی دیکە ڕۆژی شەممە ٢۵ی خەرمانان، مێهران ساعدی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە شەقامێکی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هاوکات سیروان حەسەنی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە شەقامی “شەهرەکی دانشگاە” (شارۆچکەی زانکۆ) لەو شارە بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە. هەر لە هەمان ڕۆژ، بێهروز گوڵنەما، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە شەقامێکی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە. لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکاندا، هاوڕێ خاڕەزم خەڵکی گوندی “خانلەر”ی سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ساڵی ڕابردووش بەهۆی چالاکییەکانی جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی مەهدی فەیزی، خەڵکی شاری قوروە و دەستبەسەریان کردووە. تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.