نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ١٤ خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەفا عائێلی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵۆی بچووکی ژینا ئەمینی و وێڕای خولقاندنی دۆخێکی نالەباری پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ، ناوبراویان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کردوە. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەواڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە پێنج ئۆتۆمبێل و بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە لە گەڕەکی “چەم وەلیخان”ی شاری سەقز و دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ خاڵۆی ژینا ئەمینی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە. لە سەروبەندی ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە شاری تاران و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی لە شارەکانی ئێران، گوشاری ناوەندەکانی ڕژیم بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازەکان زیادی کردووە و بەپێی ئامارەکان؛ لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧٢ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و هەروەها گوشارەکان بۆ سەریان هەر بەردەوامە.