دەستبەسەرکردنی دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و زاهیدان
چوارشەممە ۱۹-۰۷-۱۴۰۲   |  11-10-2023
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکانی رژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی “پشتتەپە”ی شاری مەهاباد و مێرمنداڵێکیان بە ناوی پوویا خزری، تەمەن ١٧ ساڵ دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕۆژێک پێشتر، واتە ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی عەبدوڵڵا زارۆزهی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە شەقامی “سەعادەت”ی شاری زاهیدان دەستبەسەر کراوە. پوویا خزری دوای ئەوەیکە دەستبەسەر کراوە، بۆ دەستبەسەرگەیەکی ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری ورمێ گواستراوەتەوە و هەروەها عەبدوڵڵا زارۆزهی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم دوو مێرمنداڵە ١٧ ساڵە، لە بەردەستدا نییە.