فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکردنی مورتەزا محەممەدی و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە
دوشەممە ۱۱-۱۰-۱۴۰۲   |  01-01-2024

هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی شاری سنە بە ناوی “مورتەزا محەممەدی” کە پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرابوو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆش دوای ئەوەی کە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە تەقە لە ماڵەکەی کراوە، جارێکی دیکە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئیبرایم محەممەدی برای ناوبراویش کاتێک بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەی سەردانی دادگای کردووە دەستبەسەرکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی بەفرانبار، مورتەزا محەممەدی، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە گەڕەکی حەسەناوای شاری سنە تەقە لە ماڵەکەی کراوە، بە شێوەیەکی دڕندانەش دەستبەسەر کرا. شایانی باسە، ئیبراهیم محەممەدی برای گەورەی مورتەزا کاتێک بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی براکەی سەردانی دادگای شاری سنەی کردووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم دوو برایە نەزانراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراودا گرتووە و ڤیدیۆی کاتی دەستبەسەرکردنیشیان تۆمار کردووە.
دەستبەسەرکردنی مورتەزا محەممەدی لە کاتێکدایە کە ماڵی دایک و باوکی لە گەڕەکی حاجیاوا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە گەمارۆ درابوو و هەروەها لەو گەڕەکەش خاڵی پشکنینیان دانابوو.
پێشتریش واتە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، محەمەدجەعفەر محەممەدی، باوکی مورتەزا محەممەدی و تەمەن ٥٥ ساڵ، لە گەڕەکی حاجیاوای شاری سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان، دەستبەسەر کراوە.