بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانبار هاووڵاتییەک بە ناوی دڵشاد محەممەدی، کارمەندی شارەوانیی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ هیچ هۆکارێک و بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و دواتریش بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە؛ دڵشاد محەممەدی، پاش بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ناڕەزایەتی لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامی خۆی و لەسەر کوشتنی بەرزین حەمزەزادە، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری سەردەشت کە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە کوژراوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
هاوکات لەگەڵ دڵشاد محەممەدی، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی شاری سەردەشت، لە ماڵی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.