دەستبەسەرکردنی هەڵسووراوێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە
سێشەممە ۲۵-۰۷-۱۴۰۲   |  17-10-2023
ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەر، ئیقبال مەجیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و هەڵسووراوی ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراوە. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە لە دووکانەکەی خۆی لە شەقامی “غەفوور”ی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و دواتریش ئەو هێزانە بەتەواوەتی ماڵ و دووکانەکەی ناوبراویان پشکنیوە. ئەمە لە حالێکدایە ئیقبال مەجیدی نەخۆشیی دڵی هەیە، بەو حاڵەشەوە دادوەر بڕیاری ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی کاتیی بۆ دیاری کردووە و ئەم بڕیارەش نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری لێ کەوتووەتەوە. ئەو هەڵسووراوە ژینگەپارێزە پێشتریش واتە دوو ساڵ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو و پاش ماوەیەک ئازاد کرابوو.