چوار کاسبکاری بازاڕی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە. ڕۆژی چوارشەممە، ۵ی ڕەزبەر، چوار کاسبکاری بازاڕی شاری بۆکان و خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی: ئەسعەد یووسفی، تەمەن ۶٥ ساڵ، مستەفا ڕۆشنی، تەمەن ۵۵ ساڵ، تاهیر ئەمانی، تەمەن ۵٢ ساڵ و قارەمان لوتفی، تەمەن ٤٠ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون. تاهیر ئەمانی لە کاتی هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و دواتریش هێزە حکوومەتییەکان ماڵەکەیان بەتەواوەتی پشکنیوە. هەروەها سێ کاسبکارەکەی دیکەش لە شوێنی کارەکانیان لە بازاڕی شاری بۆکان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.