دەستبەسەرکردنەوەی دووبارەی ڕەزا ئولفەتی، وەرزشکاری خەڵکی شاری گیەڵان
چوارشەممە ۰۱-۰۶-۱۴۰۲   |  23-08-2023
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، ڕەزا ئولفەتی، وەرزشکارێکی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو وەرزشکارە لە گەڕەکی نۆبەهاری شاری کرماشان و دەستبەسەریان کردووە. پێشتریش ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشان لە گەڕەکی نۆبەهاری ئەو شارە و لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد بوو. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ڕەزا ئولفەتی و هەروەها شوێن و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.