ئارام ڕۆحی، خێزاندار و خەڵکی گوندی “تورجان”ی سەر بە شاری سەقز، ماوەی نۆ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی کارکردن لە کێڵگەکەی خۆیدا، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە بە دوو ئۆتۆمبێل هەڵیانکوتاوەتە سەری و دەستبەسەریان کردووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئارام ڕۆحی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە. شایانی باسە کە ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١ی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە.