بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ئارمین ڕۆستەمی”، برای ئایدا ڕۆستەمی، پزیشکی گیانبەختکردوو، “ئومێد نیازی”، برای موحسین نیازی، گیانبەختکردووی شاری دێهگولان، هەروەها “موعەید ساعیدی” و “ڕێزان ساعیدی”، برا و پووری سارینا ساعیدی، گیانبەختکردووی تەمەن ١٦ ساڵی شاری سنە، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانان، ئارمین ڕۆستەمی، برای ئایدا ڕۆستەمی، پزیشکی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی کە لە تاران و لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە کوژراوە، لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراوە. هەر لە هەمان ڕۆژ، ئومێد نیازی، برای موحسین نیازی، لاوی گیانبەختکردووی شاری دێهگولان، لە ڕێگەی “دێهگولان – سنە” لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراوە. هاوکات موعەید و ڕێزان ساعیدی، برا و پووری سارینا ساعدی، لاوی گیانبەختکردووی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان ئازادی”دا گیانی لەدەست دا، لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی سنە دەستبەسەر کراون. شایانی باسە کە ئەم دوو مێرمنداڵە دەستبەسەرکراوە هەردووکیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە.