
خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کلارا ڕەسووڵی، باوک و خوشکی “کارۆ ڕەسووڵی” چالاکی سیاسی و دانیشتووی دەرەوەی وڵات، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کروان.
شایانی باسە، ئەو دوو هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” کراون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، خدر ڕەسووڵی، تەمەن ۶۹ ساڵ و کلارا ڕەسووڵی، تەمەن ۳۷ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە ۱۲ ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بارودۆخیان جێی نیگەرانییە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خدر و کلارا ڕەسووڵی پاش دەستبەسەرکرانیان لە مەهاباد بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواستراونەتەوە. خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو تا ئێستا سەرجەم ۵ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژیم دەستبەسەر بووە و پاش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هەڕەشەی لێ کرابوو و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو هەتا ئێستا دوو جار نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و ڕاگرتنی لەو دۆخە و ئەشکەنجەکردنی، نیگەرانیی جددیی بنەماڵەکەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لێکەوتۆتەوە.