بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە دوای کۆبوونەوەی بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی و کرێکاری دەستبەسەرکراو لە شاری سنە، هێزەکانی ڕژیم زیاتر لە ١٠ ئەندامی ئەم بنەماڵانەیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گوڵان، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانی ئەم داواییەی شاری سنە و زیاتر لە ١٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە کە هەتا ئێستا ناوی ٨ کەسیان بە ناوەکانی “بەهیە کەریمی، دلێر کەریمی، نەسرین کەریمی، زەینەب کەریمی، سەیوان کەریمی، کیان پیشکاری، گوڵاڵە پیشکاری و مەهناز محەممەدیان” زانراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییانە کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کۆببوونەوە، هێزەکانی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامی بە لێدان و کوتان و بێ ڕێزی هەڵسوکەوتیان لەگەڵیان کردووە. دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە لە کاتێکدایە کە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ١٠ چالاکی مەدەنی و کرێکاری خەڵکی شاری سنەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە.