
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٤، زانكۆ محەممەدی، بەندكراوی سیاسی پێشوو و خەڵكی گوندی “ئاڵیكەند”ی سەر بە شاری بۆكان، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەمشارە بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردووە. شایانی باسە، زانكۆ محەممەدی لە ڕێكەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ دەستبەسەر و دواتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی بۆكان بە تۆمەتی “ئەندامییەتی لە حیزبێکی کوردستانی” بە ٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.