دەستبەسەر کرانی دوو خوێندکار لە لایەن هێزەکانی ڕژیم لە ڕاسک
چوارشەممە ۱۸-۰۷-۱۴۰۳   |  09-10-2024
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەر، هێزەکانی سپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر خوێندنگای عەلامە تەباتەبایی گوندی فیرۆزئاوای سەر بە شاری ڕاسک، دوو خوێندکاری تەمەن ١٧ ساڵیان بە ناوەکانی “ئەمیر حسێن دەرەشی” و “عەدنان نووتەکزهی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
ماڵپەڕی حاڵ وەش کە هەواڵی تایبەت بە بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە لەمبارەوە نووسیویەتی: هێزەکانی سپای پاسداران کاتژمێر ٩ی بەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ئەم خوێندگایە و ناوبراوانیان بە هۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کردووە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو لاوە بەلووچە لە بەر دەستدا نییە.